ئەگەر دەست لە ( ChatGPT ) هەڵنەگرین زیانی گەورەمان بەردەکەوێت

05-04-2025
سەعید عەلی محەممەد
A+ A-
 
 
هیچ كەسێك نابێتە (داهێنەر) یان ناگاتە ئاستی (داهێنان) ئەگەر پشت بە توانا و زیرەكی و لێهاتوویی خۆی نەبەستێ، متمانەی بە خۆی نەبێ، باوەڕی تەواوی بە سەلیقە و كەرەستەكانی بەردەستی خۆی نەبێ ، متمانەی بە گەشەسەندنی خۆی ، ئاواتەكانی خۆی، رووناكبیریی و ئاسۆی بیركردنەوەی خۆی نەبێ ، ئەگەر پشت بە ماندووبوونی خۆی ، گەڕان و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانی خۆی نەبەستێ ! دڵنیابن هەمیشە كەسی (داهێنەر) جیاوازە لەگەڵ كەسە هاوپیشەكانی بوارەكەی خۆی، بە بەرهەم و داهێنانی جیاواز، شكاندنی تەقلید و باوەكان، هێزی داهێنەرانە ، بیركردنەوە و شیكردنەوە و خوێندنەوەی ورد و جیاواز و ناوازە ! مامەڵەكردنی ئازایانە لەگەڵ گوشارو ئاڵنگارییەكان و ، گرنگی و فۆكس خستنەسەر چارەسەرەكان نەك كێشە و گرفتەكان! 
 
شارستانی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا ، زیرەكی دەستكرد و شۆڕشی میدیایی، هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ ! دەزانن بۆچی ؟! 
 
وەڵام:  لەبەرئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە كاتێك بە یەك لینك هەموو شتێكی دەست دەكەوێ، ئیتر ناتوانێ یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕوات، نە لەڕووی لاشەییەوە، نە لەڕووی دەروونییەوە ، نە لەڕووی زیهنییەوە ، ئەم مرۆڤە بەستەزمانە لەهەموو نیعەتێكی گەشەكردن و بەرەوپێش چوون، تام و چێژی داهێنان ، هەستی خۆشیی و ئارامیی و ئاسوودەیی دەستكەوتی نوێ بێبەش دەبێت! 
 
هەموومان دەزانین ئێستا كۆمپانیای ( OpenAI ) داهێنانێكی نوێی پێشكەشكردووە كە بریتییە لە ( ChatGPT ) ، ئەمە رۆبۆتێكی قسەكردنە و ، زیاتر لە سكرتێر دەچێ و رۆڵی سكرتێر دەبینێ، واتە دوایین تازەگەرییەكان و ئەبدەیتەكان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ئەم لاشە و جەمادە بێ گیانە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكان رێكدەخات، هەر لە نەخشەی هەفتانەوە تاوەکو دەگاتە (یادخەرەوەكان) ، ئیدارە داراییەكان  ، نووسینەكان و دیزاینەكان و .... تاوەکو دوایی ، كە ئەمانە هەرهەموویان سەرەڕای ئەوەی لەڕواڵەتدا نیعمەتن ، بەڵام لە راستی و نێوەڕۆكدا ئازار و عەزاب و سزان! 
 
 بەم نزیكانە یەكێك لە هاوڕێیەكانم  بەپەلە هات بۆ لام و بە پێكەنین و دڵخۆشییەوە (بابڵێین ) مژدەیەكی پێدام و گوتی : ئیتر ئیسراحەت بکە ! دواتر گوتی : ئەم خزمەتگوزارییە (ChatGPT) بەكاربێنە و ئیتر بەستە و بێ سەرئێشە بە! هەر شتێك تۆ بتەوێ تێیدایەتی ، منیش كاتێك بیرۆكەكەم زیاتر لەلا روونبووەوە  ، بێزاربووم و رەخنەم لێگرت!! ئەم (دووژمن)ـم رەتكردەوە، داوام لە هاوڕێیەكەم كرد ئەم دووژمنە لە خێزانەكەی دووربخاتەوە و لەجیاتی پشتبەستن بە (چات جی پی تی) ، ناچار و پابەندییان بكات لەزەت و چێژ لە هەوڵ و كۆشش و ماندووبوون، پشكنین و گەڕان و بەدواداچوون وەرگرن ، بۆ ئەوەی نەبنە بار و قورسایی بەسەر خۆیانەوە ، بەسەر خێزانەكانیانەوە، بەسەر كۆمەڵگەكەیانەوە ، بەسەر نیشتمانەكەشیانەوە!
 
لە راستی دا زۆر بێزارو بێتاقەت دەبم كاتێك كە دەبینم كەسانێك ئێستا پشت بەم (جەمادە) دەبەستن بۆ گەڵاڵەكردن و ئامادەكردنی بیرۆكەی وتارێك ، یان نووسین و توێژینەوەیەك، یان ئەنجامدانی چالاكییەك، یان وەك ئامرازێك بۆ یادخستنەوە، یان بۆ بەجێگەیاندن و راپەڕاندنی ئەركێكی قوتابخانە!! بۆیە هیواخوازم وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەركی سەرشانیان جێبەجێبکەن و ، ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە و  ، هەموو داو و دەزگاو دامەزراوە و فەرمانبەرانی بەشەكانی خۆیان لە بەكارهێنانی (زیرەكی دەستكرد) بۆ بەڕێكردنی ئەركەكانیان لەسەرجەم بوارە زانستییەكاندا ئاگادار بكەنەوە. 
 
نەوەی نوێ و تازە پێگەیشتووەكان ئەگەر بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان زانست پەیدا نەكەن و ، بەدوای مەعریفەدا وێڵ نەبن، ئەگەر لەڕێی داهێنان دا ، خۆپێگەیاندن و خۆبنیاتناندا تووشی سەرئێشە نەبن ، ئەگەر هەوڵی داهێنان و گەڕان و شەونخوونی ماندوویان نەكات ، ئەگەر نووسین و توێژینەوە تووشی نەخۆشی و چاوئێشەیان نەكات، هەست بە تام و چێژ و لەزەت و گەورەیی زانست ناكەن ، هەست بە قیمەت و  نرخ و سەنگ و قورسایی خۆیان ناکەن ! لەدواییشدا ناتوانن خێزانێك پێكبێنن ، خزمەتی كۆمەڵگە بكەن ، ناتوانن لە ژوورەكەی خۆشیاندا بێنە دەرەوە!!
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شیروان شەمێرانی

بنەمای دروستبوونی حکومەتی سووریا و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان

گەورەترین و بگرە سەخترین ئاڵنگاری و کۆسپ لە رێگەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز، توانای پاراستنی وڵاتی هەبێت، ئیسرائیلە.