کێ براوەی کامە شاری ئەم هەڵبژاردنەی تورکیایە؟

23-03-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
لە هەڵبژاردنی 31ی ئەم مانگەی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانی و زیاتر لە 1000 شارەوانیی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
ئەوەی لەم هەڵبژاردنە لەلایەن پارتەکانەوە زۆرترین چاویان لەسەرە، گەورە شارەوانییەکانن. ئەوانیش پێکدێن لە شارەوانییەکانی (ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئایدن، باڵکەسیر، بۆڕسا، دەنیزلی، ئامەد، ئەرزەڕۆم، ئەسکی شەهیر، دیلۆک، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، قارەمانمەڕەش، قەیسەری، قۆنیا، مەڵەتی، مانیسیا، مێردین، مێرسین، موغڵا، ئۆردوو، سەکاریا، سامسوون، رووها، تەکیرداغ، تڕابزۆن و وان).
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا، کە دوایین هەڵبژاردنی خۆجێیی باکووری کوردستان و تورکیا بوو، ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورە شارەوانییان بەدەستهێنا. لەم هەڵبژاردنە، بە گشتی لەناو ئەو 81 پارێزگایەی باکووری کوردستان و تورکیا، چەند شوێنێکی زۆر گرنگ هەن. لەوانە شارەکانی (ئامەد، شرنەخ، مووش، مێردین، ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، مێرسین، ئەنتاڵیا، ئادەنە، رووها و بووڕسا).
 
هەڵبژاردنی رابردوو، کۆمەڵێک هاوکێشەی جێگر، گۆڕانیان بەسەردا هات، بەشێک لە سەرۆکی شارەوانییەکان لە پارتێکەوە کەوتنە دەست پارتی دیکە. هاوپەیمانیی نێوان پارتەکانیش بەمانێشوە. بۆیە ئەو هەڵبژاردنە رکابەری نێوان پارتەکانی تووندتر کردووە.
 
شەڕی پارتەکان لەسەر کام شارە؟
 
لە شرنەخی باکووری کوردستان، لە دوای گۆڕینی شوێنی دەنگدان و گواستنەوەی بەشێک لە لیستی دەنگدەرانی شارەکە بۆ پارێزگای دیکە و کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەر لە ساڵی 2019، لەسەر خەڵکی شارەکە، پارتی داد و گەشەپێدان توانی سەرۆکاییەتی شارەوانیی شرنەخ لە هەدەپە بباتەوە. لەم هەڵبژاردنە دەم پارتی پێداگرە لەوەی شرنەخ بۆخۆی دەستبخاتەوە.
 
هەڵبژاردنی رابردوو، لە مووشی باکووری کوردستان، رکابەرییەکی زۆر لە نێوان هەدەپە و ئاکپارتی هەبوو. دواجار ئاکپارتی بە جیاوازی تەنیا 538 دەنگ، کە دەکاتە رێژەی 1.17٪ سەرۆکی شارەوانی بردەوە. لەم هەڵبژاردنە هەردوولا رکابەرییەکی تووندیان لە نێوانە و دەیانەوێت شارەوانییەکە بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.
 
ئیستەنبووڵ، ئەو شارەی لەم هەڵبژاردنە زۆر شت یەکلایی دەکاتەوە، رکابەریی نێوان بەربژێری ئاکپارتی و جەهەپە زۆر تووندە. لەوێ رکابەرییەکە ئەوەندەی بە رکابەری دوو کەس دەچێت بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەوەندە بە پێشبڕکێی دوو رکابەر ناچێت بۆ دەستخستنی سەرۆکی شارەوانی شارێک.
 
ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ 15,655,924 کەسە. لەناو سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ، 24 پارت، هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەدەن لە 39 ناوچەی جیاوازی شارەکە. 22 پارت بەربژێریان بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ هەیە، لەگەڵ 30 بەربژێری بێلایەن.
 
جگە لە بەربژێری پارتەکان بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ، چەندان بەربژێری بێلایەنیش خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە. کۆی گشتی 52 بەربژێر هەوڵی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەدەن.
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019دا لە ئیستەنبووڵ، رکابەرییەکە لە نێوان بینالی یڵدرم و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بوو. رکابەرییەکە ئەوساش ئەوەندە تووند بوو، بەهۆی کەمیی جیاوازی دەنگی نێوانیان، هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە. لەم هەڵبژاردنەش، لە کۆی 10 راپرسی جیاواز، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو تەنیا 0.6٪ لە پێش دەنگی موراد کورومی رکابەریەتی.
 
پارتی دەسەڵاتدار، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ بباتەوە، بۆ ئەمە لەگەڵ مەهەپە لە رێککەوتنەکەی بەردەوامە و داوای لە هودا پاریش کرد تا لەو شارە بەربژێری نەبێت. ئەوەشی بە گوێی دەنگدەری کورد داوە: لە ئەگەری بردنەوەی ئیستەنبووڵ، سەردەمێکی نوێی ئاشتی لە نێوان کورد و دەوڵەت دێتە ئارا.
 
مێرسین بە شارێکی بازرگانیی گەورەی گرنگی سەر دەریای سپی - نێوەڕاست دادەنرێت و بەندەرێکی مەزنی ئاویی تورکیایە. تا ساڵی 2019 سەرۆک شارەوانییەکەی لای مەهەپە بووە. بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردوو، جەهەپە بە دەنگی کورد توانی سەرۆکی شارەوانی مێرسین بۆخۆی دەستەبەر بکات. لەم هەڵبژاردنە ئاکپارتی بۆ ئەوەی مەهەپە سەرکەوێت، بەربژێری لە مێرسین نییە و پارتی دەمیش بۆ ئەوەی بەربژێرەکەی جەهەپە سەرکەوێت، بەربژێری خۆی نییە. بۆیە رکابەرییەکە لە نێوان جەهەپە و مەهەپەیە لە مێرسین.
 
ئیزمیر ئەو شارەی دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە و بە قەڵای جەهەپە دادەنرێت، پارتی داد و گەشەپێدان چەندان هەڵبژاردنە دەیەوێت سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە بەدەست بهێنێت. لەم هەڵبژاردنەدا، هەمزە داغی، بەربژێری ئاکپارتی، لە جەمیل توگای، بەربژێرەکەی جەهەپە نزیک بووەتەوە و جیاوازی دەنگی نێوانیان تەنیا 2.3٪ یە. ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە لە زیاد بوونی دەنگی ئاکپارتی لە ئیزمیر.
 
لە پاڵ ئەم شارانەی سەرەوە، لە چەولیگی باکووری کوردستان رکابەرییەکی سەخت لە نێوان دەم پارتی و ئاکپارتی هەیە. لە بووڕساش جەهەپە دەیەوێت سەرۆکی شارەوانییەکە لە دەستی ئاکپارتی دەربهێنێت. لە ئادەنە ئاکپارتی و مەهەپە بەیەکەوە، دەیانەوێت جارێکی دیکە سەرۆکی شارەوانییەکە لە دەستی جەهەپە دەربهێنن. لە ئەنتاڵیاش، رکابەرییەکە لە نێوان پارتی گەلی کۆماری و پارتی داد و گەشەپێدانە.
 
ئەو شارانەی دیارە کێ دەیباتەوە
 
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی لایەنگریی دەنگدەران، بە ئەگەری زۆر، ئەنجامی بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ئەو هەڵبژاردنە دیارە و تا ئاستێکی دیاریکراو براوەکانیان دیارە.
 
لە ئەنقەرە، ئاکپارتی ساردییەکی زۆری پێوە دیارە و راپرسییەکانیش مەنسووڕ یاڤاشی بەربژێری جەهەپە بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش بەربژێری ئاکپارتی دەردەخەن.
 
لە ئامەدی باکووری کوردستان، جیاوازی دەنگی بەربژێرانی دەم پارتی لەگەڵ بەربژێرانی دوای خۆیان گەلێک زۆرە و لەوێ دیارە کێ سەردەکەوێت و دەبێتە سەرۆکی شارەوانی.
 
لە ئیزمیر، سەرباری ئەوەی جیاوازی دەنگی جەهەپە و ئاکپارتی زۆر نییە، بەڵام پارتی گەلی کۆماری هەرچی کردبێت، ناهێڵێت قەڵاکەی بکەوێتە دەست پارتی دەسەڵاتدار و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بەرگری لە دەنگەکانی ئەوێی بکات.
 
لە ئەرزنجان، رکابەرییەکە گەرم نییە، چونکە پارتی نەژاد پەرستی تورکیا - مەهەپە، زۆر لە پێش بەربژێرەکانی دیکەیە و، لە هەڵبژاردنی رابردووش بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش ئاکپارتی هاوپەیمانی بوو.
 
باتمان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بۆ دەم پارتی یەکلایی بووەتەوە، هەرچەندە لەم هەڵبژاردنە لە وان، هوودا پار بە گەرمیی و هێزێکی زۆرەوە هاتووەتە مەیدانەکە و دەیەوێت سەرۆکی شارەوانییەکە بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژیر قادری

پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرفەت یان مەترسی

بۆ چین، وڵاتانی ئێران، عێراق و سعودیە هاوبەشی ئابووریی جەوهەرین، بەڵام پرسە گرنگەکانی ئەم دواییانەی وەک شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرایل و فەلەستین، بوونەتە هۆکاری راگرتنی پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی ئابووریی چین و بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی هاوسەنگی پەکین لەنێوان هاوبەشە ستراتیژییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەندام و سوودمەندێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پشکی زێڕینی بەردەکەوێت. هەروەها، لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە، ئێران وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا گرنگیی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی زێڕینی چینی.