لەیلای خۆشەویست

20-03-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
 
لەگەڵ یەکەم ساتی زانینی هەواڵی بەشداریکردنی لەیلا زانا لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی ئامەد و ئەگەری پێشکێشکردنی گوتارێک بۆ هاونیشتیمانییان، دەستبەجێ ئەمەم هاتەوە یاد (لەیلای خۆشەویست).
 
(لەیلای خۆشەویست) ناونیشانی کتێبێکی مەهدی زانای هاوسەری لەیلا زانایە، کە بە زمانی تورکی نووسراوە، منیش دەمێکە سەرقاڵی ئەوەم بیکەمە کوردی و بەشێکی زۆری پەرتووکەکەم تەواو کردووە. خوا یار و یاوەر بێت بەمزووانە دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.
 
لەو نووسینەدا، نامەوێت باسی پەرتووکەکە بکەم، چونکە نێوەڕۆکەکەی بۆ کاتی چاپکردنی جێدەهێڵم. بەڵام ناونیشانی کتێبەکەم بە دەرفەتێک زانی، تاوەکو بیقۆزمەوە و لەو دەرچەیەوە باسی لەیلا زانا بکەین.
 
بەر لە 40 ساڵ، مەهدی زانا بە تاقی تەنیا، لە کونجی زیندانەکانی تورکیا هاواری کرد، لەیلای خۆشەویست. ئەمڕۆش بە ملیۆنان کورد، لەیلای خۆشەویستیان لەسەر زاران نابڕێتەوە.
 
شکاندنی رۆژووی بێدەنگی
 
دوای 8 ساڵ دوورکەوتنەوەی لە سیاسەت و گۆڕانکارییە رامیارییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، سەرەتای ئەم ساڵ لە رێگەی چاوپێکەوتنێکیەوە، لەیلا زانا رووی دەمی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی، "ئیدی کاتی ئەوەیە ئەردۆغان پێڤاژووی ئاشتی لەناو دۆڵابی ساردکەرەوە دەربهێنێت و زیندوو بکرێتەوە". زانا بەو لێدوانەی گۆمی بێدەنگی خۆی شڵەقاند و بۆچوونی خۆشی لەسەر دوایین دۆخی پرسی کورد هێنایە زمان.
 
دوای تێکچوونی پێڤاژووی ئاشتی و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان. دوایین جار ساڵی 2016 بوو، کە لەیلا زانا بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئامەدی کرد. لەو ساڵە بە دواوە، لە هیچ شوێنێک بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی جەماوەری نەکرد. گەر کەشوهەوا دەرفەت بدات، چاوەڕوان دەکرێت دوای هەشت ساڵ دوورکەوتنەوەی، لەیلا زانا ئەم ساڵ بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بکات.
 
بەشداری کردنی لەیلا زانا لەو ئاهەنگەدا، جۆش و خرۆشی زۆری لای هاونیشتمانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و هاونیشتمانییانی باکوور بە تایبەتی دروست کردووە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە قەد ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2013 قەرەباڵخ و پڕ میوان بێت. بۆ ئاگرکردنەوەش، یەک لۆری داری مازوو ئامادەکراوە.
 
رۆژی 17-03-2024، پێش ئێستا لە مەیدانی یەنی قاپی ئیستەنبووڵ، بە ئامادەبوونی زیاد لە نیو ملیۆن هاونیشتمانی، ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. بەو قەرەباڵخییەی ئەوێ بێت، دەشێت نەورۆزی ئەم ساڵی ئامەد پەیامێکی تازەی پێبێت.
 
ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2013 بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و گرنگترین ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد دادەنرێت. چونکە لە نەورۆزی 2013 عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی تایبەتی بۆ ئەو نەورۆزە ناردبوو. پرسی ئاگربەستی پەکەکە و دەستپێکردنی پێڤاژووی ئاشتی، ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئیمراڵی بوون. دوای 11 ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو پەیامە، شەقامی کوردی لە باکوور چاوەڕوانی پەیامێکی تازەن.
 
دوای تێپەڕینی 11 ساڵ بەسەر ئەو نەورۆزە پڕ لە جۆش و خرۆشە، بۆ ئەو نەورۆزەش لە 81 شاری باکووری کوردستان و تورکیا و چەندان وڵاتی جیهان میوان گەیشتوونەتە ئامەد بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ئەمساڵ.
 
مزگێنی نەورۆز
 
نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە، 31ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. بۆیە ئەم ئاهەنگە دەرفەتێکیشە بۆ دەم پارتی و بەربژێرانی، بۆ ئەوەی پلان و کار و پڕۆژەکانیان بۆ دەنگدەران باس بکەن و داوای دەنگ بکەن. چونکە دەم، پێداگیری دەکات کە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان، لە دەستی قەیووم وەرگرێتەوە.
 
لە پاڵ ئەمە ئەوەی جێگەی مەراقە، کاریگەرییەکانی مزگێنییەکەی موراد قەرەیلانە بەسەر کەشوهەوای نەورۆزی ئامەد و بەشداری لەیلا زانا.
 
لە چەند رۆژی رابردوو، موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردبوو، لە نەورۆزی ئەمساڵدا مزگێنیان دەبێت و گوتی، "نەورۆز رۆژی یەکگرتن و بەرەنگاربوونەوە و بەرخودانە. بۆیە بەو بۆنەیەوە داوەتی هەموو پارت و هێز و رێکخراو و کەسایەتییە نەتەوەییەکان دەکەم، بۆ یەکگرتن و یەکێتی کوردان."
 
لە کاتێکدا شەقامی تورکی مزگێنییەکەی وەها لێکدەداوە، تاوەکو پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاڕی چەکدانان، یان بڕیاری کشانەوە بدات. شەقامی کوردیش چاوەڕوانی پێدانی مزگێنی دەستپێکردنەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی و گەڕێکی دیکەی پێڤاژووی ئاشتی بوو؛ بەڵام پێچەوانەی هەردوولا، ئەمڕۆ بەیانی 20-03-2024 ناوەندی بەرخوودانی گەل بەم چەند دێڕە مزگێنییەکەی موراد قەرەیلانی ئاشکرا کرد، "‌هێزەکانی گەریلای کوردستانی ئازاد، دەستی گەیشتووەتە سیستەمی بەرگریی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە 15-02-2024 وە توانیویەتی بەو سیستەمە، 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار و ئانکا و ئاکسونگور و ئاکنجی بخاتە خوارەوە".
 
لەیلا زانا یەکێک لەو سیاسەتمەدار و کەسایەتیانەی باکووری کوردستانە، نێوانی لەگەڵ قەندیل تۆزێک ترشە. بۆیە دەنگۆی بەشداریکردن و بوونی وتارێکی لەیلا زانا لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد و مزگێنییەکەی موراد قەرەیلان، مەراقی گەیشتنی نەورۆزی لە ناخی مرۆڤ زێدەتر کردووە.
 
بەم عەرەفەی هەڵبژاردنە لە باکووری کوردستان و تورکیا، پارتی دەم و لایەنە کوردییەکان، تائێستا بە گشتی بەرامبەر ئاکپارتی شتێکی وەهایان نەگوتووە، تاوەکو پێی دین و دەهری بێت. بە پێچەوانەوە، لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئەحمەد تورک و لەیلا زانا، هەنگاون بۆ چوونە ناو قۆناخێکی تازەی سیاسی لە باکوور و نزیکبوونەوە لە ئاکپارتی.
 
لەیلا زانا کێیە؟
 
له‌یلا زانا له‌ دایكبووی ساڵی 1961ـی ئامه‌دی باكووری كوردستانه‌. كاتێك له‌یلا له‌گه‌ڵ مه‌هدی ئامۆزای ‌ساڵی 1975 ژیانی هاوژینی پێكهێناوه‌، ئه‌و كچه‌ كورده‌ ته‌نیا 14 ساڵ بووە و ئامۆزاكه‌شی 21 ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بووە.
 
له‌ كاتی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 12ـی ئه‌یلولی ساڵی 1980ـی توركیا، مه‌هدی زانا، سه‌رۆكی شاره‌وانیی ئامه‌د بوو، بۆیه‌ به‌ر شاڵاوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا كه‌وت و ده‌ستگیركرا. دواتر سزای 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
 
له‌یلا زانا دوای ده‌ستگیركردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، خۆی فێری خوێندن و نووسین كرد. دواتر قۆناخه‌كانی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی ئێوارانی ته‌واوكرد. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خوێندن، ده‌ستی به‌ چالاكی سیاسیش كرد. دواتر له‌ ساڵی 1987 رێكخراوی مافی مرۆڤیان له‌ ئامه‌د دامه‌زراند و له‌ هه‌مان ساڵ له‌ رۆژنامه‌ی (یه‌نی ئولكه‌) ده‌ستی به‌ كاری رۆژنامەڤانی كرد.
 
سێ ساڵ دوای كاركردنی وه‌كو رۆژنامه‌ڤان، له‌یلا زانا له‌سه‌ر لیستی پارتی هه‌پ له ئامه‌د، بووه‌ په‌رله‌مانتاری ئه‌و پارته‌ و چووه‌ په‌رله‌مانی توركیا. له‌ شه‌شه‌مین رۆژی مانگی یازده‌ی هه‌مان ساڵ، بۆ سوێندخواردنی په‌رله‌مانتاران بۆ خولی تازه‌ی په‌رله‌مان، له‌یلا زانا قردێله‌یه‌كی زه‌رد و سۆر و كه‌سكی له‌سه‌ری به‌ستبوو؛ به‌مه‌ش هه‌ر زوو توركه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌ په‌رله‌مانتاره‌كان كاردانه‌وه‌یان دروستكرد. دوای خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی، زانا به‌ره‌و سته‌یجی سوێندخواردن بە ‌رێكه‌وت. له‌وێ ده‌مێدا ئه‌و كچه‌ كورده‌ په‌رله‌مانتاره‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا 30 ساڵ بوو.
 
لەیلا زانا به‌ زمانی توركی ده‌ستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی سوێنده‌كه‌ كرد و له‌ كۆتایشدا، به‌ كوردی گوتی، "ئه‌و سوێنده‌ به‌ناوی برایه‌تی تورك و كورد ده‌خوێنمه‌وه‌" دوای ده‌ربڕینی ئه‌و رسته‌یه،‌ له‌ناو هۆڵی په‌ر‌له‌مان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاره‌ توركه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ و ناڕه‌زا‌یه‌تییه‌كی زۆر دروست بوو. دواجار ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌یلا زانا به‌ 10 ساڵ زیندانیكردن سزا بدرێت.
 
زیندانیكردنی له‌یلا زانا له‌ كاتێكدا بوو، مه‌هدی زانای هاوسه‌ری ماوه‌یه‌كی كه‌م بوو له‌ به‌ندیخانه‌ ده‌رچووبوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.