بیروڕا

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان.
prev
next
رۆژی 27ی 5ی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەمیانی وتارێکیدا لە (کۆنگرەی یاسای باری كەسى بۆ كرستیيانان له عێراقدا) رووی لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کردو گوتی: "داوا لە یەکێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەموو زانایان و پیاوانی ئایینيی بهڕێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی دەکەم، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی نادروستيی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاساکان لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە، رووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە، یەكێک لە بنەما دیارەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە: بە زۆر ئايين بەسەر کەسانی دیکە نەسەپێندرێت. دڵنیام ئێوە هاوکارێکی زۆر باش دەبن، چونکە ئێوەی پیاوانی بهڕێزى ئایینی ئیسلام، هاوکار و پارێزەری بەهێزن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق. لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەكێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بکەم، کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لە هەرێمی کوردستان و له پرسی میراتدا هاوکار بوون".
لە راستیدا ئەم پرسە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە خستنەڕووی روانگە و هەڵوێستی ئیسلام هەیە، بۆ ئەوەی روون بێتەوە لە وڵاتێکی فرە ئایین و نەتەوە؛ چۆن یاساکان رێکدەخرێت و بە کام پێوەر بنەماکانی دادەڕێژرێن؟ ئەگەرچی زانایانی ئایینی درێغیان نەکردووە و هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەمەڕ ماف و تایبەتمەندی پێکهاتەکان بۆ خەڵک شیبکەنەوە و قەناعەت بۆ رای گشتی دروست بکەن، بەوەی یەکێک لە مەبەستەکانی شەریعەتی ئیسلام پاراستنی زەروریاتەکانی وەک ئایین و ژیان و وەچە و ناموس و عەقڵ و سامانە، کە دواجار سەلامەتی ئەوانە فاکتەری دەستەبەری ماف و کەرامەتی هەر تاکێکە لەناو کۆمەڵگەدا.
باشترین سەرچاوە و بنەما بۆ تێگەیشتن لەم پرسە گەڕانەوەیە بۆ دەستووری مەدینە، كاتێک پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دوای کۆچکردنی لە مەککەوە بەرەو مەدینە، یەکێ لەو هەنگاوە سەرەکی و گەورانەی کاری لەسەر کرد، دانان و نووسینەوەی دەستوور بوو، بۆ ئەوەی ببێتە پەیماننامەیەک بۆ رێکخستنی کاروباری هاووڵاتیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و سەقامگیری و ئاشتی لە کۆمەڵگە، لێرەوە تێدەگەین ئەم دەستوورە چۆن رەچاوی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی کردووە و مافی داوەتە هەموویان هاوشێوەی ئەو مافانەی موسڵمانان هەیانە، لە هەمان کات ئەو دەستوورە ئاماژەیە بەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگر نییە بۆ دانانی دەستوور و یاسا بۆ هەر وڵات و هەرێمێک، بەو پێیەی هاوکار و پاڵپشت دەبێت لە رێکخستنی کاروباری ژیان و شێوەی حوکم و مافی هاووڵاتی، کە ئەمە خواست و ئامانجی شەریعەتە لەپێناو خزمەتی شارستانیەت و مرۆڤایەتی.
وەسیقەی مەدینە بەپێی بۆچوونی شەرعزان و شارەزایانی مێژوو، یەکێکە لە شانازییە دیارەکانی شارستانییەتی ئیسلامی، کە ئامانجی سەرەکی رێکخستنی پەیوەندی نێوان تائیفە و پێکهاتەکانی مەدینە بوو، لە سەر بنەمای ئازادی بیروباوەڕ و مومارەسەی دروشمی ئایینی و بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری و دیارکردنی ئەرک و مافی هاووڵاتی، کە دوای 14 سەدە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم پەیماننامەیە بە زیندوویی ماوەتەوە و بووەتە بنەما و سەرچاوەیەکی گەورەی نووسینەوەی رێککەوتن و دەستووری وڵاتان و بناغەی مافی هاووڵاتیبوون لە جیهای ئیسلامی، چونکە تایبەتمەندی هەرە گرنگی دەستووری مەدینە لەوەدایە (هاووڵاتی) چەق و پێوەر و (پێکەوەژیان)یش ئامانجێکی روونی داڕشتن و ناوەڕۆکەکەی بووە، واتە تەنها بۆ لایەنێک یان فیئەیەکی دیاریکراو نەنووسراوەتەوە، بەڵکو لە پێناو هەموو دانیشتوان داڕێژراوە، بە جیاوازی بیروباوەڕ و بۆچوون و تائیفە و ئایینەوە.
پاڵپشت بە بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە و روانین لە واتای گشتی و فراوانی بنچینە شەرعییەکانی ئایینی ئیسلام، دەبینین لەسێ لاوە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی پەیوەندی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان خۆی لە چەند بنەمایەک دەبینێتەوە:
یەکەم: پەیڕەوکردنی بنەمای دادپەروەری و رەچاوکردنی مافی هاووڵاتیبوون و مرۆڤبوون؛ خوای گەورە دەفەرموێ: (لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) الممتحنة:8. بەپێی ئەم ئایەتە مامەڵە و پەیوەندی نێوان موسڵمانان بە نا موسڵمانانەوە پەیوەستە بە بەجێبەجێکردنی بنەمای گرنگی "دادەپەروەری" واتە: پێدانی ماف بە هەموو خاوەن مافێک (إعطاء كل ذي حق حقه)، هەرچەندە کۆمەڵگە فرە پێکهاتە و ئایین بێت، پێویستە لەسەر موسڵمانان پەیوەندی خۆیان لەسەر ئەم بنەمایە دابمەزرێنن، کەواتە مادام لەرووی شەرعی و ئینسانی و لێکەوتەی دادپەروەری ئەرکە لە کاتی پێویست مرۆڤ بەهانای دۆست و دراوسێی بچێت، هەروەها کۆمەڵگەی موسڵمان لەسەری پێویستە لە کاتی تەنگانە بەهانای لێقەوماوان بچێت بێ جیاوازی ئایین و نەتەوە و رەنگ و رەگەز، بەهەمان شێوە ئەرکیشە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری ماف بە ناموسڵمان بدات یاسای خۆی هەبێت بۆ راییکردن و مامەڵەی رێکخستنی کاروبارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگەدا، چونکە ئەمە هەنگاوێکە زەمینەی چاک رەفتاری -الإحسان- خۆش دەکات.
دووەم: داننان بەوەی زۆرکردن لە ئایین نییە؛ ئەمەش بنەمایەکی گرنگە و قورئانی پیرۆز جەختی لێ کردووەتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ) البقرە:256. واتە: بههيچ جۆريك زۆركردن نيیه له وهرگرتنى بيروباوهڕى ئایينى ئيسلام - دينداري بهزۆر نابێت بكرێت و دين بهزۆر نادرێت بهسهر كهسدا- ئەمە ئاماژەیە بەوەی هەر کەس ئایینی خۆی پارێزراو بێت، کەس مافی بەزۆر سەپاندنی ئایین بەسەر کەسێک و داڕنینی ئایین لە سەر کەسێکی دیکەی نییە. ئیمامی تەبەری دەڵێت: ئەم ئایەتە لەبارەی ئەوانەوە هاتووەتە خوارەوە، کە دەیانویست بە زۆر ئایینی ئیسلام بەسەر منداڵی جوودا بسەپێنن. کەواتە ئایینی ئیسلام کە رێگە نادات بە زۆر ئایین وەک بیروباوەڕ بەسەر ناموسڵمانان بسەپێت، ئەی چۆن دەکرێ یاسای باری کەسی موسڵمانان بە زۆر فەرز بکات بە سەر کەسانی ناموسڵمان، یان چۆن رێگە دەگرێت لەوەی پەیڕەوی ئایینیە ئاسمانییەکانی دیکە یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت لە رێکخستنەوەی بواری کەسی و کاروبارە خێزانییەکانەوە، بە واتایەکی دیکە لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام بەزۆر سەپاندنی لەرووی دینیەوە قەبوڵ نییە، بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە بەزۆر سەپاندنێکی کاروبارەکانی کۆمەڵایەتیش رەت دەکاتەوە.
سێیەم: هەمووان لە ئەرک و ماف یەکسانن- (لهم ما لنا وعلیهم ما علینا)؛ یەکێ لەو رێسا و چوارچێوە گرنگانەی لە فەرمودە و فیقهی ئیسلامی و پەیمانی مەدینە زۆر تەئکیدی لێ کراوەتەوە، ئەو یاسا گرنگە بەرکارە ئایینیەیە، کە بەدرێژایی مێژووی موسڵمانان دان بە بوونی یەکسانی نێوان هەموو پێکهاتەکان دادەنێت، واتە لەرووی ماف و تایبەتمەندیی و ئەرک و ئازادییەوە هەرچیەک بۆ موسڵمانان پێویست بێت، بەهەمان شێوە بۆ ئەهلی کیتاب ئەرک و مافە و پێویستە هەیان بێت. ئەمە ئاماژەیە بەوەی موسڵمان و ناموسڵمان لە هەموو ماف و ئیمتیازێک یەکسانن، جگە لەو ئەرک و مافانەی پەیوەستن بە خودی دینەوە، ئەمەش وەک ئایین و بیروباوەڕ شتێکی ئاساییە، چونکە ناکرێ تۆ شتێک لەسەر کەسێک فەرز بکەیت، کە کاتێکدا بڕوای پێ نەبێت، بەڵام رێزگرتن لە عەقیدە و بۆچوونی بەرامبەر هەرچەند پەسندیش نەبێت یان جیاواز بێت خواستێکی ئایینیە، چونکە قبوڵکردنی بەرامبەر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بنەمایەکی گرنگی قورئانیە و پێویستە بەر لە هەر کەس موسڵمان پێوەی پابەند بێت.
سەرەڕای لێبووردەیی و میانڕەوی و رێنماییەکانی ئیسلام لە بایەخپێدانی هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەوە، چونکە بەدەر لە جیاوازی ئایین هەمووان لە مرۆڤبووندا برای یەکترین، هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی پاراستنی ئەو برایەتی و تەباییە ئیسلام پێشوازی لێ دەکات و بگرە بە کارێکی مرۆیی گەورەشی دەزانێت، ئەمە لە چەند وێستگەیەکی ژیانی موسڵمانانیش بە کردەیی پەیڕەو کراوە، وەک لەسەرچاوە مێژووییەکان هاتووە کاتی خۆی سەلاحەدینی ئەیوبی فەتحی قودسی کردو بنکەی دەسەڵات و رێکخستنەوەی کاروبارەکانی خەڵکی دامەزراند، وەک یەکێ لە فاکتەرکانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی رەچاوی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کرد، چونکە ئەو کات تەنها موسڵمان لە قودس نەبوون، بەڵکو مەسیحی و جووشی تێدا دەژیان، بۆیە قازی و دادوەری تایبەتی بۆ دەستنیشان کردن بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی رێنمایی خۆیان کارەکانیان راپەڕێنن.
فیقهی ئیسلامی وەک تێگەیشتنی گەورە زانایان و هەڵکردن لەگەڵ پێشهات و بابەتە هاوچەرخەکان بە دیوێکی فراوان لە قەزیەکە دەڕوانێت، فوقەهای ئیسلام تەنها لە گۆشەنیگای یەکسانی لە بەرامبەر ماف و هەندێ ئەرکدا سەیری بابەتەکە ناکەن، بەڵکو سەرەڕای بابەتی –یەکسانی- مافی راستەوخۆی بەکارهێنانی هەندێ شت کە قەدەغەیە لە ئیسلامدا داوەتە ناموسڵمانان بۆ خۆیان بەکاری بێنن، چونکە ئایینی ئەوان رێی پێداون ئەم کارە بکەن، بۆ نموونە: خواردنەوەی ئارەق و بەخێوکردن و راگرتن و بەکارهێنانی بەراز لە شەریعەتی ئیسلام رێگەپێدراو نییە، بەڵام بۆ ناموسڵمانان بەپێی ئایینی خۆیان رێگەیان پێدراوە، ئیدی ئەگەر کەسێک بەراز یان ئارەقی کەسێکی غەیرە موسڵمانی زایەع کرد و زیانی پێگەیاندن، ئەوە دەبێ بە پێی خەمڵاندنی زیانەکە غەرامە بکرێت، وەک لە سەرچاوەکان هاتووە: "ويضمن المسلم قيمة خمره وخنزيره إذ أتلفه".
لەم سۆنگەوە تێدەگەین، کە شەریعەتی ئیسلام ستراتیژ و بنەما و وێنایەکی نموونەیی لە پەیوەندی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان دیاریکردووە، کە دەستەبەری تەواوی مافەکانی خەڵکی ناموسڵمان دەکات و ئاستی پەیوەندی نێوانیان لەرووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیان لەبەر چاو دەگرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە بنەما و رێسا فیقهییەکان هیچ رێگرییەکیان نییە لەوەی کریستیانەکان بەپێی رێنمایی ئایینی خۆیان بۆ رێکخستن و راییکردنی کاروباری کەسی یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت، چونکە ئەگەر قەناعەت بە فرەیی و ئازادی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان بەشێکی ئایینی ئیسلام بێت، ناکرێ رێگە بەوە نەدرێت پەیڕەوانی ئایینێکی دیکە یاسای تایبەت بە خۆیان نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ