ئەردۆغان لە پەیامی جەژندا داوای 'خۆهەڵوشاندنەوە و چەکدادان' لە پەکەکە دەکات

30-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا، بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادان لە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەکات. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئاداری 2025 بەبۆنەی جەژنی رەمەزان پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتەکەمان ئەوەی کە دەبوو بیکات بە دڵنیابوون لەوەی کە بانگەوازەکە کراوە، کردوویەتی. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوەکە بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک پابەند بێت بە بانگەوازەکەوە. ئێمە کات و تەحەمولێکی بێ سنوورمان لەم رووەوە نییە. چاوەڕوانی ئەوە دەکەین رێکخراوەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بە تەواوی چەکەکانی دابنێت بەبێ دواکەوتنی زیاتر."
 
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا بە وەبیرهێنانەوەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بۆ پەکەکەی رایگەیاندووە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئەو رێکخراوە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و دەڵێت، "پێشبینی دەکەین رێکخراوەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بە تەواوەتی چەک دابنێت". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی سووریاش رایگەیاند، "لەلایەکی دیکەوە ئێمە رۆژانە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی سووریای دراوسێمان دەکەین کە جێگەی نیگەرانی تایبەتی ئێمەن و رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست دەگرینەبەر".
 
ئەردۆغان دەڵێ، "ئێمە ئاگاداری ئەو کەسانەین کە دەیانەوێت بە تێکدانی ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکگرتوویی نەتەوەیی سووریادا گیراونەتەبەر، دەیانەوێت درێژە بە ناسەقامگیریی سنوورەکانی باشوورمان بدەن و بە پشتیوانی خودا رێگە بە هیچ کامیان نادەین". 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە