رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، تەنیا 10 بۆ 15 ئەندامی دەم پارتی بەشدارییان کردووە.
رێکخەرێکی خۆپێشاندانەکەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، ئەندامانی دەم پارتی بەهۆی گوتەکانی مەنسوور یاڤاش لە خۆپێشاندانەکان کشاونەتەوە، ئەمەش سەرەڕای راگەیێندراوی دەم پارتی.
لەدوای سووکایەتیی مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بە ئاڵای کوردستان، کورد لە خۆپێشاندانەکانی جەهەپە کشاونەتەوە. لەکاتێکدا جاران کورد بەشێکی گرنگیان لە خۆپێشاندانی ئۆپۆزیسیۆن پێکدەهێنا، ئێستا شوێنیان چۆڵە و بەشداری لەو خۆپێشاندانانە دا ناکەن.
رۆژی شەممە 29-3-2025 جەهەپە لە ئیستەنبووڵ خۆپێشاندانی رێکخست. یەکێک لە خۆپێشاندەران گرتەی ڤیدیۆیی لەبارەی کشانەوەی کورد لە خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەندامانی دەم پارتی دوای هەڵوێستەکەی مەنسوور یاڤاش، نەهاتنە گۆڕەپانی میتینگ لە ماڵتەپە. رێکخستنەکانی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ راگەیێندراوی بڵاوکردبووەوە کە کاژێر 11:00 لە ئیدیالتەپە کۆدەبنەوە، بەڵام جەماوەری دەم پارتی بە بەشداری نەکردنیان کاردانەوە نیشاندەدەن. دەبینین کە تەنیا 10 بۆ 15 کەس هاتوون."
رۆژی 22-3-2025 مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە سەر بە جەهەپەیە لە گوتەیەکدا ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد، ئەوەش کاردانەوەی هاونیشتمانییانی بەدوادا هات.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی تورکیاش رۆژی 26ـی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتبووی، "لە بەرامبەر ئاڵای شکۆداری تورکدا، پەڕۆ دەشەکێندرێتەوە، بەڵێ بە پەڕۆ ناوی دەهێنم."
ئەو گوتەیەش کاردانەوەی بەرپرسانی دەم پارتی و هاونیشتمانییانی بەدوادا هات.
سری ساک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتاری نێو پەرلەمان رەخنەی لەو کەسانە گرت بەو جۆرە مامەڵە دەکەن و گوتی، ''پەڕۆی راستەقینە عەقڵی ئێوەیە، نەژادپەرستی و دووژمنداریکردنی ئێوەیە لە بەرامبەر کورد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ