سنووردارکردنی یادی ''سەرکەوتنی ئەتاتورک'' لەلایەن حکومەتەوە، جەهەپە تووڕەدەکات

28-08-2020
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن ئەتاتورک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سێشەممەی رابردوو 26ی ئاب یادی 494هەمین ساڵیادی شەڕی ماڵازگیرت-ی کردەوە، پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت بەوەی لەمیانی ژماردنی سەرکەوتنەکانی تورکیادا گرنگیی بە یادی شەڕی قورتوڵوش نەداوە کە لەلایەن مستەفا کەمال ئاتاتورک، دامەرزێنەری کۆماری تورکیا کرا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 27ی ئابی 2020 بەشداریی لە ساڵڕۆژی شەڕی ماڵازگیرتدا کرد. شەڕی ماڵازگیرت 26ی ئابی 1071 لەنێوان ئاڵپئارسڵان، سوڵتانی دەوڵەتی سەلجووقی و رۆمەن دیۆژێن، ئیمپراتۆری رۆم روویدا و بە سەرکەوتنی سەلجووقییەکان کۆتاییهات. لە ئەنجامی ئەو شەڕە تورک بۆ یەکەمجار پێینایە بانی ئەنادۆڵ و لێی نیشتەجێ بوو. ئەو یادە پێشتر بەم گەرموگوڕییە نەدەکرایەوە، بەڵام ئەردۆغان لەمساڵانەی دواییدا گرنگیی زیاتر بە ساڵیادی ماڵازگیرت دەدات و چەند جارێکیش گوتوویەتی، ئەو یادە هاوشێوەی یادە نیشتمانییەکانی دیکەی تورکیا بەرز دەنرخێنن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 22ی ئاب وەزارەتی ناوخۆی تورکیا چالاکییە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی لەبارەی 30ی ئاب یادی ''شەڕی رزگاری و دەرکەوتنی ئەتاتورک'' قەدەخەکرد و رایگەیاند، جگە لەو چەند پرۆگرامەی لەلایەن بەرپرسانەوە بەڕێوەدەچێت، قەدەخەیە خەڵک لە هیچ شوێنێکدا کۆبوونەوە و قەرەباڵخی دروستبکەن. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هۆکاری ئەمەی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندەوە.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لەمیانی سەردانیکردنی مەزاری ئاڵبای چیغیلتەپە کە یەکێکبوو لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەتاتورک، رەخنەی تووندی لە حکومەت گرت.
 
کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند ئەوانەی ئەمڕۆ تورکیا بەڕێوەدەبەن لە مێژووی کۆماری تورکیا و شەڕی قورتوڵوش نازانن. کڵچدارئۆغڵو گوتیشی "ئێستا بەرپرسانی حکومەت دەچنە بەرپێی ئەو کەسانەی کە دەڵێن؛ خۆزگە یۆنان سەرکەوتوو بووایە. ئەوانە یان مێژوو نازانن یانیش خیانەتکردن لە وڵات هەڵوێستی خۆیانە".
 
سەرۆکی جەهەپە جەختی لەوە کردەوە "ئەوان هەرچییەک دەکەن با بیکەن، ئەم گەلە ئەتاتورک و کۆماری تورکیای خۆشدەوێت".
 
30ی ئابی 1922 تورکیا بە فەرماندەیی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە شەڕی قورتوڵوش بەسەر یۆناندا سەرکەوت و ئیزمیر و چەند ناوچەیەکی دیکەی کۆنترۆڵکردنەوە. ئەو یادە لە ساڵی 1926 بەدواوە وەکو جەژنی سەرکەوتن لە تورکیا و قوبرسی باکوور دەکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە