رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ قوتابییەکی تەمەن 17 ساڵ بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا خرایە زیندانەوە.
ئەو خوێندکارە، ناوی "ئا.ئە.س."ـە و لە قوتابخانەی ئامادەیی ئیمام خەتیبی ئەنادۆڵی مەڕمەڕا دەیخوێند.
دوای ئەوەی رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2023 تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە سۆشیاڵ میدیای خۆی بڵاوکردەوە کە تێدا سووکایەتی بە مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکات، دەستبەسەرکرا.
لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا ئەو خوێندکارە وێنەیەکی مستەفا کەمال ئەتاتورکی لە پەرتووکەکەی کردووەتەوە و سووکایەتی پێدەکات و هاوڕێکانی بە مۆبایل تۆماری دەکەن.
تۆمارە ڤیدیۆییەکە لە ماوەیەکی کورتدا بووە بابەتێکی ترێند لە سۆشیاڵ میدیاکاندا.
تیمەکانی پۆلیس رێکاری یاساییان گرتەبەر و خوێندکارەکەیان دەستبەسەرکرد. دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەتاتورک رەوانەی دادگە کرا.
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئەیلوولی 2023 دادگەی تاوانەکانی ئەنادۆڵ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ خوێندکارەکە دەرکرد و هەمان رۆژ رەوانەی زیندان کرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند: (ئا. ئە. س.) کە سووکایەتیی بە کەسایەتیی رۆحیی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری ئێمە کرد، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی لقی نەوجەوانانی بەشی پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە دەستبەسەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ