رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە و پابەندبوونی خۆیان بە بڕیاری سەرۆکەکەیان راگەیاند.
ئێوارەی چوارشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2024) سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە) لە تۆڕی ئێکس، دەست لەکارکێشانەوەی هەریەک لە حەسەن بەسڕی سۆنمەز، پەرلەمانتاری بازنەی ئیسپارتا؛ ئیسماعیل ئاکگوڵ، پەرلەمانتاری بازنەی بۆڵو و مستەفا دەمیر، پەرلەمانتاری بازنەی کیلیس ـی بڵاوکردەوە.
سەمیح یاڵچن، بەبێ ئاماژەدان بە هۆکاری داوای دەستلەکارکێشانەوەی سێ پەرلەمانتارەکە، لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی پێویستییەکانی ئەو بەدواداچوون و وردبینیانەی لەنێو پارتەکەیان دەکرێن، داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە کراوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی هەر سێ پەرلەمانتارەکە، هەریەک لە حەسەن بەسڕی سۆنمەز و ئیسماعیل ئاکگوڵ لە هەژماری تۆڕی ئێکسدا پەیامێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا رایانگەیاند "تاوەکو دوایین هەناسەمان لەژێر فەرمانی سەرۆک، پارتەکەمان و رێکخستنەکانمانداین. هەمیشە لە پاڵ سەرۆکمانداین و پاشگەز نابینەوە."
سەرەڕای بڕیاری سەرۆکی مەهەپە و پەیامەکانی یاریدەدەرەکەی و پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان، کەچی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی سێ پەرلەمانتارەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
فراکسیۆنی مەهەپە بە 47 کورسی، چوارەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە لە دوای ئاکپارتی، جەهەپە و دەم پارتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ