رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە ئەنقەرە سەرەرای ئەوەی مووچەیەکی زۆری هەبووە، بەڵام ئامادە نەبووە یەک قوروش بۆ ماڵبات و هاوژینەکەی خەرج بکات، هاوژینەکەشی بەو هۆیەوە لێی جیادەبێتەوە.
ئەو ژنە کە ناوی (فاتمە ئا)یە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیایەکی گەورەیە و مووچەی مانگانەی زۆر لە هاوژینەکەی (ئیسماعیل ئا) زیاتر بووە، بەڵام شەش ساڵ ئامادە نەبووە قوروشێک (فلسێک) بۆ ماڵباتەکەی خەرج بکات، ئەمەش ئیسماعیلی هاوژینەکەی کە لە کۆمپانیایەکدا ژمێریارە، نیگەران کرد و بووە هۆی ئەوەی لێی جیاببێتەوە.
ماددەی 186ـی یاسای مەدەنی تورکیا دەڵێت، لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا، هاوژینەکان لە رووی داراییەوە و بەپێی داهاتی مانگانە و سامانەکانیانەوە دەبێ بەیەکسانی و بەهاوبەشی خێزانەکەیان بەڕێوەببەن. نابێت ئەرکە قورسەکە تەنیا لەسەر یەک هاوژیندا بێت، بەڵام فاتمە کە مووچەکەی لانیکەم سێ هێندەی مووچەی هاوژینەکەیەتی، لەم شەش ساڵەدا بۆ جارێکیش یەک قوروشی خەرج نەکردووە و هەمووی بۆ خۆی لە بانک هەڵگرتووە.
سەنەم یڵماز، پارێزەری ئیسماعیل دەڵێت، ئەم ژنە (فاتمە ئا) شەش ساڵە مووچەیەکی "زۆر باش" وەردەگرێت، نزیکەی "سێ هێندە"ـی مووچەی ئیسماعیلی هاوژینەکەیەتی لە رووی پابەندییە داراییەکانەوە بۆ جارێکیش هاوکاری هاوژینەکەی نەکردووە.
دەشڵێت: "هەر لە کرێی کارەبا بگرە تاوەکو دەگاتە ئاو و خواردن لە دەرەوە و چوونە سەیران و پشووەکانیان و گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات و هەموو خەرجییەکانی منداڵەکانیشی لەسەرشانی ئیسماعیل بووە." تەنانەت هەندێکجار قەرزی کردووە، بەڵام دیسان فاتمە ئامادە نەبووە پارەی پێبدات.
سەنەم راشیگەیاند، "فاتمە هێندە پارەی زۆرە هەفتانە سەردانی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و زەویوزاری کردووە و لە دراوە دیجیتاڵی و بۆرسەکاندا پشکی هەیە و بەردەوام قازانج دەکات و داهاتەکەی رۆژ دوای رۆژ زیاد دەبێت و خاوەنی چەندین موڵکە."
ئیسماعیل راستی و دروستی قسەکانی و سەرجەم رەفتارەکانی هاوژینەکەی لە رێگەی فەرمانگەی تاپۆ و هەژمارە بانکەکانییەوە سەلماندووە و دادگەش لە بەرژەوەندیی بریکارەکەی بڕیاریداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ