رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان، 2 ملیۆن و 935 هەزار و 742 پەنابەر و کۆچبەری سووریایی ئێستا لە تورکیان. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 سووریایی لەم وڵاتە بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوێنێ لەگەڵ لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە. لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە پلانی وەزارەتەکەی لەبارەی کۆچ و کۆچبەران کرد و ئاماری 10 مانگی ئەم ساڵی خستەڕوو.
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، لە 10 مانگی ئەم ساڵەدا، پاسەوانانی کەناراوەکان 3 هەزار و 924 قاچاخچیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر 4 هەزار و 427 بەلەمدا گرتووە. هێزەکانی جەندرمەی سنوورەکانی وشکانیش، رێگرییان لە 97 هەزار و 168 کۆچبەر کردووە بچنە نێو خاکی تورکیا. 109 هەزار و 451 کۆچبەری نایاسایی دیپۆرت کراونەتەوە. 308 هەزار و 826 بیانی بەهۆی نەمانی ڤیزە و نوێنەکردنەوەی ئیقامەکانیان، خۆویستانە تورکیایان جێهێشت.
عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند، لە تورکیا 4 ملیۆن و 174 هەزار و 706 بیانی هەن. 2 ملیۆن و 935 هەزار و 742ـیان کۆچبەری سووریایین، لەوانە ملیۆن و 32 هەزار و 379 سووریایی مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و، 206 هەزار و 585ـیشیان لەژێر پاراستنی کاتییدان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
هەر لەبارەی پەنابەر و کۆچبەرانی سووریایەوە، یەرلیکایە رایگەیاند لە مانگی تەممووزدا 731 هەزار و 146 کەسیان ناونیشانیان دیارنەبوو و نوێیان نەکردبووەوە، بەڵام دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان، 580 هەزار و 819ـیان ناونیشانیان نوێکردەوە و زانیارییان بە وەزارەتی ناوخۆ دا. هێشتا 150 هەزار و 327 کەسیان زانیارییەکانیان نوێ نەکردووەتەوە. دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بۆیان دیاریکراوە کە ساڵێکە و تەنیا نۆ مانگ مۆڵەتیان ماوە، زانیارییەکانیان نوێ نەکەنەوە، بە قاچاخ هەژمار دەکرێن و رێکاری یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر و دیپۆرت دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ