تورکیا
وێنەی یەکێک لە تاوانبارەکان و دیمەنی ساتی رووبەڕووبوونەوەکە کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیزمیر شەڕە تەقە لەنێوان پۆلیس و چەند تاوانبارێکی داواکراو روویدا و لە ئەنجامدا سێ پۆلیس بریندار بوون.
شەوی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزێکی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی چەند تاوانبارێکی داواکراو، هەڵیانکوتایە سەر شوێنێک لە شارۆچکەی سەفەریهیسار لە پارێزگای ئیزمیر-ی تورکیا. تاوانبارەکان رووبەڕووی هێزەکەی پۆلیس بوونەوە و شەڕو پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا.
بەهۆیەوە سێ پۆلیس بریندار بوون، بەگوێرەی زانیارییەکان دووانیان تەندروستییان ناجێگیرە.
دوای رووداوەکە، هێزێکی کۆماندۆی جەندرمە تەواوی ناوچەکەی گەمارۆ دا، بەڵام تاوانبارەکان خۆیان هەڵاتن. ئێستا گەڕان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو سێ هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەککراون کە تێیاندا دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و سێ هەزار و 820 کەسی دیکە برینداربوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیادا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدار و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ