پشووی جەژنی رەمەزان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات

28-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە پشووی 9 رۆژەی جەژنی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێدەکات. ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، بەو هۆیەوە رێگە سەرەکییەکانی شارە گەورەکان قەرەباڵخ دەبن.
 
بەپێی رۆژژمێری فەرمیی تورکیا، رۆژی یەکشەممە 30ی ئاداری 2025، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
 
سبەی شەممە 28ی ئادار دەوام نییە و یەکەم رۆژی پشووە 9 رۆژییەکەی جەژن دەبێت.
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و هاووڵاتییانی تورکیا بۆ رۆژانی جەژن دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان جەژن بکەن و هەربۆیە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگەکاندا دروست دەبێت. 
 
یەکەم بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش قەدەخەکردنی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بوو لە رێگە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی قەرەباڵخی کەم بێتەوە. 
 
هاوکات موهیتین ئایهان، سەرۆکی فەرمانگەی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، 69 هەزار و 11 کارمەندی ئاسایش، پۆلیس، جەندرمە و پۆلیسی هاتووچۆ لەم 9 رۆژەدا 24 کاژێر ئەرکدار دەبن. 
 
موهیتین ئایهان رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی رێگەکان، قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان تاوەکو دوای جەژن جێبەجێ دەکرێت، چونکە 16٪ی کۆی رووداوەکانی دوو جەژنی رابردوو بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە بووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، نزیکەی 8 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی کەسی خۆیان و پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و گەشت بکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانەکانی تورکیا بڕیاریداوە لە رۆژانی 28ـی ئادار تاوەکو 5ـی نیسان کرێی هاتوچۆی هاووڵاتییان بەسەر تەواوی پرد و تونێلە سەرەکییەکانی سەر رێگە خێرا و ئۆتۆبانەکان بێ بەرامبەر بکات.
 
لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پاردا 12 هەزار و 214 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویاندا و لە ئەنجامدا 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە