رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان لەبارەی ئەو بێڕێزییانەی لە بەشێکی تورکیادا بەرامبەر ئاڵای کوردستان دەکرێن، دەڵێت: ''بەگوێرەی یاسای تورکیا، تەنیا وڵاتی خاوەن ئاڵا دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات''؛ لەبارەی بێ رێزیکردن بە شێخ سەعیدی پیرانیش دەڵێت: ''تەنیا ئەندامانی خێزانەکەی دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن''.
سینان ئۆزاراز، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان رۆژی هەینی، 28ی ئاداری 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لەبارەی ئەو بێ رێزییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە تورکیا بە ئاڵای کوردستان کراون، گوتی: ''لە 341ـەمین مادەی یاسای سزاکانی تورکیادا سەبارەت بە ئاڵای وڵات و قەوارەی دەرەوە بڕگەیەکی تایبەت هەیە. بڕگەکە باس لەوە دەکات کە سووکایەتیکردن و بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو بۆ ئاڵا و سیمبوولی وڵاتانی دیکە تاوانە و دەکرێت ئەو کەسەی ئەو تاوانە دەکات، سزابدرێت''.
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان گوتی: ''بەڵام ئەم بڕگەیە تایبەتمەندییەکی هەیە. ئەو کەسەی یان ئەو دامەزراوەیەی مافی هەیە سکاڵا تۆماربکات، تەنیا ئەو لایەنەیە کە خاوەنی ئاڵا و سیمبوولەکەیە''.
ئۆزاراز باسی لەوەش کرد: ''بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکات ئەو بێ رێزییە دەکەن. ئەم بانگەوازە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، چونکە وەک گوتم، هاووڵاتی ناتوانێت ئەو سکاڵایە تۆمار بکات''.
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان گوتی، هەر سکاڵایەک بەرامبەر هەر سووکایەتییەک بە ئاڵای کوردستان تۆماربکرێت هەنگاوێکی کاریگەرە و ''دەبێتەهۆی ئەوەی هۆشیارییەک لە تورکیادا سەبارەت بە بەها باڵاکانی کورد دروست بێت''.
لەبارەی بێ رێزیکردن بە شێخ سەعیدی پیرانیش، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان گوتی: ''لە یاسای سزاکانی تورکیادا، ئەو سووکایەتییانەی بەرامبەر کەسێک دەکرێن، زیاتر پەیوەندییان بە خێزانی کەسەکەوە هەیە و ئەوان مافی سکاڵا تۆمارکردنیان هەیە''.
لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رۆژی 25ی ئەم مانگە بەشێک لە خۆپێشاندەرانی ئەندام و لایەنگری جەهەپە لە ئەنقەرە پەیکەرێکی شێخ سەعیدی پیرانیان دروست کرد و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەسەر دا، دواتریش پەتێکیان لە ملی ئاڵاند و وەک ئاماژەیەک بۆ "لەسێدارەدان'' لە باڵاخانەیەکەوە شۆڕیان کردەوە.
بەشێک لە خۆپێشاندەرەکان، درووشمی نەتەوەپەرستییان گوتەوە و داوایان کرد ''هەڵبکوترێتە سەر ئیمرالی و ئاپۆ (ئۆجەلان) لەسێدارە بدرێت''.
هاوکات مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە ئەندامی جەهەپەیە رۆژی 22-03-2025 لە گوتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتی: "لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێم وایە پەڕۆیە''.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی تورکیاش رۆژی 26ی مانگ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتی: "لە بەرامبەر ئاڵای شکۆداری تورکدا پەڕۆ دەشەکێندرێتەوە، بەڵێ بە پەڕۆ ناوی دەهێنم."
بێ رێزییەکان کاردانەوەیان بەدوادا هات.
سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی 23-03-2025 سەبارەت بە گوتەکانی مەنسوور یاڤاش بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، مەنسوور یاڤاش، دوێنێ بێ رێزیی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە پەڕۆ ناوی برد. ئێمە ئەو هەڵوێست و گوتەیە بە تووندی شەرمەزار دەکەین. لێرەوە بە مەنسوور یاڤاش دەڵێین: چۆن رێز لە ئاڵای خۆت دەگریت، ئەگەر رێز لە ئاڵای کوردیش دەگریت، دەبێت داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکەیت."
رۆژی 24-3-2025 مەنسوور یاڤاش رایگەیاند، ئەو گوتانەی لە گۆڕەپانی ساراچهانەی ئیستەنبووڵ کردنی، شێوێندراون و بە مەبەستی سیاسی بەکارهێندراون. بەڵام تۆمارە ڤیدیۆییەکە ئەوە دەسەلمێنێت قسەکانی کردوون.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەبارەی قسەکانی یاڤاشەوە بە ناڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی کرد و لە ئیستەنبووڵ گوتی، چەندین رۆژە لە گردبوونەوەکان قسە دەکەن و رایگەیاند: "زۆر قسەکردنیش بێ هەڵە نابێت. هەر کەسێک لەم مێزگردەوە قسەی کردبێت و قسەیەک لە قسەکانی دڵی کەسێکی رەنجاندبێت، وەک سەرۆکی جەهەپە داوای لێبووردن و گەردن ئازادی لە ئەستۆی منە."
رۆژی 26ی مانگیش ئەو بابەتە لە پەرلەمانی تورکیادا قسەی لەسەر کرا و سری ساک، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاڵای کوردستانی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتاری نێو پەرلەمان رەخنەی لەو کەسانە گرت بەو جۆرە مامەڵە دەکەن و گوتی: ''پەڕۆی راستەقینە عەقڵی ئێوەیە، نەژادپەرستی و دووژمنداریکردنی ئێوەیە لە بەرامبەر کورد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ