رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینانی تورکیا لە ئەنقەرە چوونە سەر شەقام و گردبوونەوە، بە دەنگی بەرز داوایان کرد مووچەکانیان لە 10 هەزار لیرەوە بۆ بەلایەنی کەمەوە 20 هەزار لیرە زیاد بکرێت.
حەسەن ئاچکگۆز پیاوێکی خانەنشینە و دەڵێ، کەس ناتوانێت بە 10 هەزار لیرە بژی، ئەگەر کەسێک نەتوانێت بژێوی خۆی پەیدا بکات، دەنگ بە حکومەتیش نادات.
خانەنشینانی زۆر شاری تورکیا لەنێو خۆپێشاندانەکەی ئەنقەرە بە گوتنەوەی درووشم و هەندێکجار گۆرانی، ئەمڕۆ دەنگیان بە حکومەت گەیاند، کە پێویستە بەلایەنی کەمەوە مووچەیان 20 هەزار لیرە بێت.
حەسەن ئاچکگۆز، خانەنشین بە رووداوی گوت "ناچارم کشتوکاڵ بکەم، باران نەباری و بە برسیێتی ماینەوە. ئێمە پەرێشانین، بۆیە بەشداریی گربوونەوەمان کردووە. ئێمەش مرۆڤین و هاووڵاتین. خۆیان 5 ملیۆن وەردەگرن، چاویان لەسەر 10 هەزار لیرەی ئێمەیە."
ئایدن ئیشک، لە شاری قەیسەری هاتووەتە ئەنقەرە، ئەو 24 ساڵ فەرمانبەر بووە. دەڵێ "ئەگەر کەسێک نەتوانێت بژێوی خۆی پەیدا بکات، دەنگ بە حکومەت نادات، بەڵام ئێمە لەبەر بارودۆخی ئێستا دەنگمان بە حکومەت نەدا، دادپەروەریمان دەوێت، یەکسانیمان دەوێت لە کرێدا. کەس ناتوانێت بە 10 هەزار لیرە بژی، خانەنشینی ئەوە نییە 10 هەزار لیرەمان پێبدەن."
خۆپێشاندانەکەی ئەنقەرە بە دەستپێشخەریی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سازکرا و سەرۆکی پارتەکە ئۆزگوور ئۆزەل جارێکی دیکە داوای لە حکومەت کرد، گوێ لە داواکانی خۆپێشاندەران بگرێت.
نەریمان ئیکەن، خانەنشینێکی دیکەی بەشدار لە خۆپێشاندانەکە باس لەوە دەکات "ئێمە، ساڵەکانمان لە دەستچوو، ساڵانێک خزمەتمان کرد، ئێستا 10 هەزار لیرەمان پێدەدەن، هەموو شتێک زۆر گرانە و، لێرە ناتوانین 10 لیرە خەرج بکەین، برسیین. ئێمە دادپەروەری و دیموکراسیمان دەوێت."
بۆ ساڵی 2024، حکومەتی تورکیا تەنیا 5٪ـی بودجەکەی بۆ مووچە و خەرجیی خانەنشینان تەرخان کردووە لەکاتێکدا ساڵی 2023 رێژەکە 7٪ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ