رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لەو باوەڕەدان ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ عێراق کردوویانە، ببنە خاڵێکی وەرچەرخان. سوپاسی عێراقیشی کرد، کە پەکەکەی وەکو "رێکخراوێکی قەدەخەکراو" ناساندووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22-4-2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد.
بەشێک لە گوتەکانی ئەردۆغان تایبەت بوو بە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و رایگەیاند، تورکیا بە سوپاسگوزارییەوە پێشوازیی لە ناساندنی پەکەکە بە 'رێکخراوی قەدەخەکراو' لەلایەن بەغدا کردووە.
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد، بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە کە باوەڕی وایە ئەگەر بەغدا پەکەکە بە 'تیرۆریست' بناسێنێت، بە زووترین کات ئەو رێکخراوە لە عێراق کۆاتایی پێ دێت.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا ئاسایش و هاوئاهەنگیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مژارێکی سەرەکی بووە، هاوکات پەکەکەی بە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا ناوبرد.
عێراق و تورکیا 26 رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.
رێککەوتنەکان بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەغدا واژۆ کران.
ئەمڕۆ دوای 13 ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی یاوەری سەردانی عێراقیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ