ئومیت ئۆزداغ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو

21-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی زافەری تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر رۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، دوای ئەوەی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی تیرۆر لە ئیستەنبووڵ گوتەی لێوەرگیرا، رەوانەی دادگەی سزای پارێزگاکە کرا.
 
دواتر ئۆزداغ لەلایەن دادگاوە بە تاوانی "هاندانی خەڵک بە ئاشکرا بۆ رق و دوژمنایەتی" بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2025 بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە گوتارێکیدا لە رۆژی 19ی کانوونی دووەم، سووکایەتیی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە، لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەستپێکرد.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ سەرەتا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان لێکۆڵینەوەی لە سەرۆکی پارتی زافەر دەستیپێکرد، دواتر بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ رق و دوژمنایەتی" لێکۆڵینەوەکەی فراوان کرد.
 
رۆژی 19ی کانوونی دووەم، ئۆزداغ لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا لە پارێزگای ئانتالیا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "ئەو زیانەی ئەردۆغان و ئاکەپە لە گەل و وڵاتی تورکیایان داوە، هیچ خاچپەرستێک لێی نەداوە. هیچ خاچپەرستێک سیخوڕی نەخستووەتە نێو وڵاتی تورکیا، ئەردۆغان فەتۆی جاسووسی هێنایە نێو تورکیا و وڵاتی رادەستی فەتۆ کرد."
 
دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکە، ئومیت ئۆزداغ رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئامادەم هەزار جاری دیکە ئەو قسەیە بکەم. ئەگەر دەتانەوێت، بمخەنە گرتووخانە یانیش بەر گووللـەم بدەن؛ سازش لە ئەتاتورک و ئەو کۆمارەی دایمەزراندووە، ناکەین."
 
زافەر، پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکیایە و رۆژی 26ی ئابی 2021 بە سەرۆکایەتیی ئومیت ئۆزداغ دامەزرا، بارەگای سەرەکیی لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتەیە. زافەر هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نییە.
 
ئومیت ئۆزداغ ساڵی 1961 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن لەدایکبووە؛ لە 2005 - 2006 و 2010 - 2016 ئەندامی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو.
 
ئومیت ئۆزداغ  دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، لە 2017-2021 بووە یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەرال ئاکشەنەر؛ دواتر لە ئیی پارتیش جیابووەوە. 
 
ئۆزداغ لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لە بازنەی ئیستەنبووڵ بووە پەرلەمانتار، ساڵی 2021 بووە پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی ئیستەنبووڵ. 
 
پارتی زافەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023دا ئەگەرچی 2.23٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کورسییەکی نەبردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ وێنەکە ئەرشیڤە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ بەرپرسانی تورکیا: دژایەتی یان ئاشتی بەرامبەر بە کورد هەڵبژێرن

کاردانەوەکان لە دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان و لەکارلادانی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە بەردەوامە. هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کاتی هاتووە ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە، "یان دژایەتیی کورد بکەن یانیش ئاشتی و دیموکراسی هەڵبژێرن".