هەڵبژاردن و بوومەلەرزە شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا دەبەنە باکووری کوردستان و تورکیا؛ رووداو یاوەریانە

16-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئۆفیسی ئیستەنبووڵی رووداو
شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئۆفیسی ئیستەنبووڵی رووداو
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا رووداو بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پرسی هەڵبژاردنەکان و بەسەرکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کرد، رووداو لەو سەردانەدا یاوەریان بوو. شاندەکە لە ئیستەنبووڵ سەردانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداویشی کرد.
 
شاندەکە لە 5 ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا پێکهاتبوون و سەردانەکەیان بۆ تورکیا و باکووری کوردستان ماوەی چوار رۆژی خایان، سەردانەکەشیان بۆ نووسینگەی ئیستەنبووڵی رووداو لە ئێوارەی رۆژی هەینی 14-4-2023 بوو.
 
بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو کە کاریگەری لەسەر چەندین پارێزگای دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان و سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش هەبوو. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کە بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر بوو، تەنیا لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی 100 هەزار کەسیش بریندار بوون. ئەوە جگە لەوەی سەدان هەزار کەس بێ ماڵوحاڵ بوون. 
 
رووداو لە چرکەساتەکانی سەرەتای بوومەلەرزەکەوە رووماڵی بەرفراوانی کرد و دەنگ و رەنگی زیانبەرکەوتووان و لێقەوماوانی گەیاندە جیهان. وێنە و ڤیدیۆکانی رووداو لەبارەی بوومەلەرزەکە و رزگارکردنی خەڵک، لەلایەن زۆربەی ئاژانس و دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە بەکارهێندران. 
 
تیمی رووداو لەگەڵ شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانیا چوونە مەرەشی باکووری کوردستان و ناوچە زیانبەرکەوتووەکانیان بەسەرکردەوە، هاوکات چاویان بە خێزانەکانی قوربانییان کەوت و، لەگەڵ ئاژانسەکانی تایبەت بە دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەبارەی رەوشی ئەو ناوچانە گفتوگۆیان کرد. 
 
یەکێکی دیکە لە پرسەکان کە لە ئەجێندای شاندە بەریتانییەکەدا بوو، پرسی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بوو لە مانگی داهاتوو. شاندەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەنێویاندا ئاکپارتی، جەهەپە، هەدەپە و بەربژێرە سەربەخۆکان کۆبوونەوە و پرسی هەڵبژاردنەکانیان تاوتوێکرد. 
 
ئەندامانی شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانیا بریتیبوون لە: رووپا هوق، مارشا دو کۆردۆڤا، لۆید رووسێل مۆیل، ستێفان مۆرگان و کەیت ئۆزبۆرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە