رووداو دیجیتاڵ
ئایدن، گەنجێکی کوردی باکووری کوردستانە، دوای پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و رزگارکردنی زیندانییەکان، ئەویش ئازاد دەکرێت.
ئایدن دەغاچ نەخۆشیی دەروونی هەیە، پێنج ساڵ و شەش مانگ پێش ئێستا ون دەبێت. دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند و زیندانییەکانیان ئازاد کردن، ئەویش لەگەڵ زیدانییەکانی دیکە ئازاد دەکرێت.
ئایدن دەغاچ بەهۆی زیندانیکردنییەوە، نەخۆشییەکەی سەختتر بووە. دەغاچ لەبارەی کاتی زیندانەکەی دەڵێت، "خواردنیان پێدەداین. خواردنی هەموو رۆژێکمان ساوار بوو. هەموو رۆژێک ئەشکەنجەیان دەداین و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر هاوڕێ بەیەکەوە بووین".
دایکی ئایدنیش هاوشێوەی کوڕەکەی، نەخۆشیی دەروونی هەیە، بەڵام لەڕووی هەستی دایکایەتییەوە تاوەکو بڵێی تەندروستە.
نادیە دەغاچ، دایکی ئایدن دەڵێت، "زۆر بیرم دەکرد، بەردەوام دەهاتە خەونم، لەخەونم دا ئەو لە دۆخێکی ناخۆشدا بوو. لە زار و زمان کەوتووم".
ماڵی ئایدن بەردەوام پڕە لە میوان، خەڵکی بەردەوام سەردانی ئایدن دەکەن و دەڵێن، ئایدن کە نەخۆشیی دەروونی هەیە چۆن هاتووەتەوە ماڵەکەی؟
عیزەت دەغاچ، باوکی ئایدن باسی لەوە کرد، "لەدوای رووخانی ئەسەد و رۆیشتنی، لە تیکتۆکدا ئایدنمان بینی، دواتر سووریاییەکان ئایدنیان بۆ هێناینە سەر سنوور، دایانەوە دەستی حکومەت و ئەوانیس دایانەوە دەست ئێمە."
ئامۆزای ئایدنیش لەبارەی گەڕاندنەوەی ئایدن دەڵێت، "باوکی من بۆ دوای ئایدن چووە عەنتاب و هێنایەوە. بینیمان قاچی لەبەر زنجیر بریندار بووە، بردمانە نەخۆشخانە تیمارمان کرد، ئێستا دۆخی باشە."
ئایدن لە حەوشەی ماڵەکەی دەچێت و دێت، هێشتا نازانێت ئەمە خەیاڵە یان راستی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ