رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لەبارەی ئەگەری دیداری دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رۆژنامەڤانانی گوت، ''بۆچوونمان نەگۆڕاوە. رەخساندنی دیدارێکی وەها سوودی دەبێت''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە شەوی رابردوو دوای تەواوبوونی گفتۆکۆکانی بودجەی ساڵی 2025ـی تورکیا، لەبارەی ئەگەری دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
باخچەلی کە پێشتر داوای کردبوو دەم پارتی و ئۆجەلان کۆببنەوە، گوتی، ''بۆچوونمان نەگۆڕاوە. رەخساندنی ئەم دیدارە سوودی دەبێت''.
سەرۆکی مەهەپە گوتی، ''کۆبوونەوەیان ئێمە خۆشحاڵ دەکات. پێم وایە بڕیارەکان بۆ هەموو ئەوانەی لە تورکیادا دەژین، دەبنە مایەی خێر''.
باخچەلی دوایین جار رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین دیداری رووبەڕوو لە نێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت''.
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
وەزیری دادی تورکیا رۆژی 18-12-2024، گوتی، ''ئەم ماوەیە کۆبوونەوەکانی بودجە دەکرێن. بە ئەگەرێکی زۆر دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بودجە، بڕیار لەو بارەیەوە دەدەین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ