رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە جەهەپە دەگرێت و بە دژایەتیکردنی وڵاتەکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا تۆمەتباری دەکات.
لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتی کە رۆژی شەممە 21-12-2024 لە پارێزگای موغڵا بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و گوتی، ئەو پارتە پەیوەندی لەگەڵ "رێکخراوەکانی وەک پەکەکە و یەپەگە دروستکردووە."
ئەردۆغان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان قسەی کرد و، گوتی "تورکیا لەپێناو ئاسایشی باشووری سنوورەکانی، ئۆپەراسیۆنی ئەودیو سنوور ئەنجام دەدات، بەڵام جەهەپە دژمانە. تورکیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دەریای سپی، لە لیبیا پێگە دەستدەخات، بەڵام جەهەپە دژی دەوەستێتەوە."
لە دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانی کە ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی دوای 22 ساڵ بۆ یەکەمین جار بووە دووەمین پارت و جەهەپە پلەی یەکەمی گرت.
ئەردۆغان لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی "لە ئاستی بەڕێوەبردنی خۆجێیدا، تەواوی خەڵک دەزانن چۆن ژێرخان و سەرخانی ئەو شوێنانەیان پەراوێز خستووە کە ساڵانێکە بەڕێوەی دەبەن و چۆنیش ئەو داهاتە بەتاڵان دەبەن، بەتایبەتی لەم دواییەدا ئەوانەشیان لەو تاڵانە کردە هاوبەش کە بەجۆرێک پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوی جوداخوازی تیرۆریستی ناپچڕێنن."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە تورکیا لە شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە تاوەکو دەگاتە شەڕی فەلەستین، هەروەها سەبارەت بە تەواوی پێکدادانەکان، هەنگاو لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهاکانی دەنێت، بەڵام جەهەپە دژی دەوەستێتەوە.
ئەردۆغان گوتیشی، "یەکێک لە گرنگترین بەڵگە لەسەر ئەم هەڵسوکەوتانەی جەهەپە، ئەو پەیوەندییە خۆشانەن کە لەگەڵ رێکخراوە جیاوازەکانی وەک فەتۆ، پەکەکە و یەپەگە دروستیکردوون."
دەقی گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
تورکیا لەپێناوی ئاسایشی باشووری سنوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەودیو سنوور دەکات، بەڵام جەهەپە دژمانە. تورکیا لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دەریای سپی، لە لیبیا پێگە دەستدەخات، کەچی جەهەپە لە دژی دەوەستێتەوە. تورکیا لە شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە تاوەکو دەگاتە تراژیدیای فەلەستین، هەروەها سەبارەت بە تەواوی پێکدادانەکان، هەنگاو لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهاکانی دەنێت، دیسان جەهەپە دژی دەوەستێتەوە. یەکێک لە گرنگترین بەڵگە لەسەر ئەم هەڵسوکەوتانەی جەهەپە، ئەو پەیوەندییە خۆشانەن کە لەگەڵ رێکخراوە جیاوازەکانی وەک فەتۆ، پەکەکە و یەپەگە دروستیکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ