رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کەمپی مەخموور کەمپی تیرۆرە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد یان هاوئاهەنگیان لەگەڵ بکات، یان رێگە بدات تورکیا خۆی پەکەکە لەو کەمپە نەهێڵێت.
چاوشئۆغڵو لە بەرنامەکەدا لەبارەی کەمپی مەخموور گوتی "ئەو شوێنە کەمپی تیرۆرە، ئەوێ لانەی پێگەیاندنی پەکەکەیە و پێویستە پاکبکرێتەوە. ئێمە لە بابەتی سڤیلدا لە هەمووان هەستیارترین، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەڕوونی دەبینێت، کە ئەو شوێنە لانەی تیرۆرە. ئەوانەی نەیانبینیووە با ببینن و ئەمە قەبووڵبکەن. ئەوانەش کە دەیبینن لە سەرووی هەموویانەوە با بە روونی قسەی لەسەر بکەن، چونکە باشترین هەواڵگریی لەوێدا هی ئەمریکایە، کە ئەوان زۆر باش ئەمە دەزانن. پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزینەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە بوونی کێشەی "زۆر جیدی" لە عێرق کرد و هەروەک چەند جاری رابردوو داواکاریی وڵاتەکەی بۆ هاوئاهەنگی دووپاتکردەوە و رایگەیاند "دەزانین هێشتا توانای بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی نییە، جا بۆیە دەڵێین؛ با یان هاوئاهەنگی بکەین، یانیش لێگەرێن با ئێمە پاکیبکەینەوە".
مەولوود چاوشئۆغڵو ئاماژەیکرد کە تورکیا گرنگی بە سەقامگیری، ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق دەدات و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی دەگرێت، هەروەها گوتی: "ئێمە دەمانەوێ بەیەکەوە ئەم کارە بکەین، بەڵام ئەگەر عێراق توانای هەیە بژاردەی ئێمە پاککردنەوەی چیای قەندیل، چیای شنگال و کەمپی مەخموورە".
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، کەمپی مەخموور لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی عێراقدایە و بە پێویستی زانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆڵی لەم هەڵمەتەدا هەبێت، کە تورکیا باسی لێوەدەکات.
پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی تورکیا لەڕێی سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوەوە پێشنیازی هاوئاهەنگییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیازانەیان نەداوەتەوە.
کەمپی مەخموور، تایبەتە بە ئاوارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەڵێت بووەتە لانەی پەکەکە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە، دواینجار رۆژی 5ی حوزەیران تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ