رووداو دیجیتاڵ
هاوڵاتییەکی تورکیا رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 چوار کەسی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمڕۆ 25-11-2024 سێ تەرمی دیکە دۆزرانەوە کە دەرکەوت بکوژی ئەوانیش هەمان کەس بووە.
کەسێک بەناوی بەختیار ئاڵاداخ لە ئیستەنبووڵ دایک، باوک، هاوژین، خەسوو، کوڕ و دوو کەسی دیکەی کوشت و دوو کەسی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش لە نێو ئۆتۆمبیلەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
رووداوەکە لە ناوچەی بویوکچەکمەجەی ئیستەنبووڵ روویدا.
بەختیار ئاڵاداخ تەمەنی 33 ساڵ بوو و بە هۆکارێکی نادیار لە ماڵەکەی خۆیاندا نەجمیە ئاڵاداخی دایکی (تەمەن 55 ساڵ) و محەممەد ئاڵاداخی باوکی (تەمەن 65 ساڵ) و بوکەت ئاڵاداخی خوشکی (تەمەن 30 ساڵ)ی بریندار کرد.
ئاڵاداخ دواتر چووە سەرتاشخانەی گۆکهان سۆیلوی زاوای لە ناوچەی ئاڤچڵار و دەستڕێژی گولـلەی لە گۆکهان سۆیلو و کارمەندێكی سەرتاشخانەکە بە ناوی محەممەد ساڵح ئۆزسۆکوک کرد. محەممەد ساڵح ئۆزسۆکوک لە شوێنی رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا و گۆکهان سۆیلو بە سەختی بریندار بوو.
بەختیار ئاڵاداخ هەروەها چووە ناوچەی ئەسەنیورت و لەوێ خزمێکی دیکەی کوشت کە ناوی شادان سەردار بوکە بوو و دواتریش لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا خۆی کوشت.
بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیسی ئیستەنبووڵ، بەختیار ئاڵاداخ بە هۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە چەندین تاوانی کردووە و لە چەند بنکەیەکی پۆلیسدا ناوی هەبووە.
رووداوەکانی دوێنێ یەکشەممە لەکاتێکدا بوون کە هیچ زانیارییەک لەبارەی سەڤیم ئاڵاداخی هاوژینی بەختیار ئاڵاداخ و تورکان سۆیلوی خەسووی نەبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی تشرینی دووەم، تەرمی سەڤیم ئاڵاداخ و کوڕە 10 ساڵانەکەی بە ناوی ئارساڵ ئاڵاداخ و تورکان سۆیلوی خەسووی لە تەنیشت دەریاچەی بویوکچەکمەجە دۆزرانەوە. پۆلیس رایگەیاند، ئەو سێ کەسەش لە لایەن بەختیار ئاڵاداخەوە کوژراون.
لە رووداوەکەدا بە بەختیار ئاڵاداخی بکوژەوە، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە کە دایک، باوک، هاوژین، کوڕ، خەسووی بکوژەکە و دوو کەسی دیکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ