رووداو دیجیتاڵ
بولەنت تەکبییکۆغڵو، پارێزگاری دێرسمی باکووری کوردستان، دوای ئەوەی وەک قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکیی شارەوانی دێرسم دەستبەکاربوو، هەژماری سۆشیالمیدیای شارەوانیی شارەکەی گۆڕی.
ئێوارەی رۆژی (هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024)، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییومی لەسەر شارەوانیی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلوور دانا.
بولەنت تەکبییکۆغڵو پارێزگاری دێرسم وەک قەییوم لە شوێنی جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسمی دەم پارتی، دەستنیشانکرا، هەروەها لە شوێنی مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی پلووری جەهەپە، حوسێن شامیل قایمقامی پلوور بە قەییوم دانرا.
دوای دەستبەکاربوونی، بولەنت تەکبییکۆغڵو ناوی هەژماری سۆشیاڵمیدیای شارەوانی دێرسمی بۆ شارەوانی تونجەلی گۆڕی.
جگە لەوەش دەقی "پێکەوە سەرکەوتین، پێکەوە بەڕێوە دەبەین" کە لە سەردەمی جەودەت کۆنەک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم نووسرابوو، سڕایەوە و لەبری ئەوە ئایکۆنی ئاڵای تورکیا دانرا. تەکبییکۆغڵو دوێنێ دیواری کۆنکرێتی لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی دانا.
رۆژی (چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024)، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی دێرسم و بەتۆمەتی ئەندامیێتی "پەکەکە" سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بەسەر جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسمی دەم پارتی و مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلوور ـی جەهەپە سەپێندرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا (رۆژی هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024)، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو سزایەوە سەرۆکی ئەو دوو شارەوانییە لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنیان پارێزگاری دێرسم و قایمقامی شارۆچکەی پلوور دانران. بڕیارەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵەوە و تائێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا قەییوم بۆ حەوت شارەوانی دانراوە کە پێنجیان سەر بە دەم پارتین و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ