ئەردۆغان: بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گابار گەیشتە 57 هەزار بەرمیل

25-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەرهەمی رۆژانەی بیرە نەوتەکانی گاباری باکووری کوردستان گەیشتووەتە 57 هەزار بەرمیل.
 
لە گوتارێکیدا کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی پێشکێشکی کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە چەند بابەتێک کرد. لەوانە گەڕان بەدوای سەرچاوەی سامانی سرووشتی و دەرهێنانیان.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لەو ناوچانەی کە لە رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز پاکمان کردوونەتەوە، گەڕان و پشکنین بێ پچڕان بەردەوامە. لەوکاتەی دۆزینەوەی نەوتمان لە گابار راگەیاند، ئۆپۆزیسیۆن بە حیسابی خۆیان گاڵتەیان پێدەکردین. ئێستا لەو بیرە نەوتانەدا بەرهەمی رۆژانە بۆ 57 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە".
 
ئەردۆغان هەروەها زیاتر جەختی لەسەر ناوچە نەوتییەکانی باکووری کوردستان کردەوە و گوتی، لەو ناوچانەدا و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پارێزگاکانی شرنەخ، جۆلەمێرگ و وان کرد و گوتی، لە ساڵی 2024دا 84 هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان بەدوای نەوت تەواوکردووە و ساڵی داهاتووش لە پلانیاندایە 143 هەڵمەتی گەڕان و پشکنین بکەن.
 
حکومەتی تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان راگەیاند.
 
ئەوکات دامەزراوەی نەوتی تورکیا- TPAO رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە. 
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن.
 
هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا پڕدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە