رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دانانی قەییوم بە ''دزینی ویستی گەل'' وەسف دەکات و دەڵێت، ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، ناتوانرێت هیچ کێشەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 23-11-2024، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی بەشداریی لە کۆنفرانسێک لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند: ''ئیدی ئەم عەقڵییەتی رژێمی قەییومییە لە کۆشک دیاریدەکرێت و لە کۆمەڵگە جێبەجێ دەکرێت''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی قەییومدا یەکێک لە زەرەرمەندترین پارتەکان ئەوانن و گوتی، ''ئەمە سێیەمین خولی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانە، ئەو شارەوانییانەی بە دوو هێندە کردنی دەنگەکانمان بەدەستمانهێنابوون، جارێکی دیکە قەییومیان بۆ دانرا''.
هاتیمئۆغوڵڵاری قەیوومی بە دزینی ویستی گەل وەسفکرد. "ناکرێت کەسانی هەڵبژێردراو لاببرێت و شارەوانییەکان لەلایەن کەسانی هەڵنەبژێردراوەوە بەڕێوەببرێت و گوتی، ''ئەمە کوتینی دوایین بزمارە لە تابوتی دیموکراسی''.
لەبارەی کاریگەریی پرسی کورد لەسەر رووداوەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، ''بەسەردەمێکدا تێدەپەڕین کە باسی ئەگەری جەنگی سێیەمی جیهانی دەکرێت. بۆیە جگە لە ئاشتی رێگەیەکی دیکەمان نییە. ئەگەر نەتوانین کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسی چارەسەر بکەین، ناتوانین کێشەی هیچ مرۆڤێکی زەرەرمەندی دیموکراسی چارەسەر بکەین''.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی دێرسم و بە تۆمەتی ئەندامیی "پەکەکە" سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بەسەر جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسمی دەم پارتی و مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلوور-ی جەهەپە سەپێندرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو سزایەوە سەرۆکی ئەو دوو شارەوانییە لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنیان پارێزگاری دێرسم و قایمقامی شارۆچکەی پلوور دانران. بڕیارەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵەوە و تائێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا قەییوم بۆ حەوت شارەوانی دانراوە کە پێنجیان سەر بە دەم پارتین و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ