رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەردەوامە، ئەمڕۆ لەگەڵ سیانیان کۆبوونەوە، بڕیارە لە زیندان سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش بکەن و دواتر روونکردنەوە دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتی ئاییندە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەکانی پێشوو دەستیان کەوتبوون، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە بەشیانکرد.
ئۆندەر گوتیشی، ''داوامان لە بەرێز داودئۆغڵو کرد پێشنیاز، رەخنە و هۆشدارییەکانی بە ئێمە بدات''.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی راشیگەیاند، دوای ئەوەی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکەن، روونکردنەوەیەک لەبارەی کۆبوونەوەکان دەدەن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە گوتی: ''جەختمان کردەوە کە بەهێزکردنی نێوخۆی تورکیا، بەڕێگەی دیموکراسییانە دەبێت، ئەمەش لە چارەسەری کێشەکان لە عێراق و سووریا رۆڵی دەبێت''.
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی پارتی ئاییندە، هەر ئەمڕۆ دەم پارتی لە ئێکس رایگەیاند، شاندەکەیان سەردانی ئاکپارتی و پارتی سەعادەتی کردووە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی و ئاکپارتی هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و سەعادەت هەردوولا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، لەبارەی پرۆسەکە بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ شتێک لە برایەتی و ئاشتیی تورکیا گرنگتر نییە و هەوڵدەدەن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەیەکەوە ئەمە فەراهەم بکەن.
هەروەها مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت گوتی: ''بە هاتنی شاندەکە خۆشحاڵ بووین، بە پڕۆسەیەکی گرنگدا تێدەپەڕین. لەگەڵ شاندی قەدرگراندا باسمان لە پاڵپشتی و نیگەرانییەکانمان بۆ پرۆسەکە کرد. ئەوانیش زانیاریی گرنگیان بە ئێمە دا. ئێمەش لە نێو خۆمانەوە پرس و راوێژ دەکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەوڵی پاڵپشتیکردنیان دەدەین''.
دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ