رووداو دیجیتاڵ
شاندەکەی دەم پارتی کە لە سری سوورەیا، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک پێکهاتبوو، لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ شاندێکی جەهەپە کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دوای کۆبوونەوەکە گوتی، "لە ئێستا و داهاتوو بۆ هەر هەنگاوێک کە دەگیرێتەبەر؛ پێویستی بە لیژنەیەکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان کار بکات بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی گرنگە و پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی هەموو کارێکدا هەموو هەستیارییەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگیرێن."
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە شاندی دەم پارتی لە ناوەندی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) لەلایەن عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکە پێشوازییان لێکرا.
محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە ئەندامی شاندەکە بوو بە رووداوی گوت، ئەوان ئامادەن پشتگیریی لە دیالۆگ بکەن.
محەممەد ئەمین باسی لەوە کرد، "ئێمە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە زەمینەی دیموکراسی لە تورکیا بەهێزتر بکات و کێشەکان چارەسەر بکات. هیوادارین ئەو پرۆسەیەی کە پێشتر تاقی کراوەتەوە و شکستی هێناوە، ئەم جارە سەرکەوتوو بێت."
دوایین کۆبوونەوەی دەم پارتی لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بوو. سری سوورەیا بە رووداوی گوت، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ پارتە کوردییەکان گفتوگۆ دەکەن.
بەگوێرەی سری سوورەیا رۆژی هەینی شاندی دەم پارتی لە زیندان، لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ