پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بۆ حکومەتی تورکیا: دەتانەوێت ئۆجەلان بکەنە باڵیۆزی ئاشتی؟

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی دەم پارتی لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا سەردانی بارەگای سەرلەنوێ رەفاهی کرد و لەلایەن فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتەکە و ژمارەیەک لە بەرپرسانەوە پێشوازیی لێکرا.

شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، سری سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک پێکهاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7-1-2025 سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی کرد.
 
شاندەکە لەگەڵ فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ و بەرپرسانی باڵای پارتەکە کۆبووەوە و دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
فاتیح ئەربەکان رایگەیاند، شاندی دەم پارتی هاوشێوەی پارتەکانی دیکە لەگەڵ سەرلەنوێ رەفاهیش کۆبووەوە. ئەربەکان گوتی: "سوپاسیان دەکەین بۆ ئەم سەردانە، سەبارەت بە پرۆسەکە زانیارییان پێداین و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەیان دایەوە. هەروەها وەڵامی چەند نیگەرانییەکی ئێمەیان دایەوە. دەمەوێت ئێستا بەوەندە کۆتایی پێبێنم و هیوادارم ببێتە مایەی خێر".
 
هەروەها سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی گوتی: "زۆر سوپاسی بەڕێز سەرۆکی پارتەکە و شاندی یاوەریان دەکەین. پێشنیازەکان و تێبینییەکانمان وەرگرت. ئەوەی کە توانیمان وەڵام بدەینەوە، وەڵاممان دانەوە. دیدارێکی زۆر تێروتەسەل بوو. سوپاسی ئێوەش (میدیاکاران) دەکەین هاوڕێیان، ئەوە هاتینە کۆتایی ماراسۆنەکەمان، ماندوومان کردن. گەردنمان ئازاد بکەن و ماندوو نەبن. دواتر روونکردنەوە دەدەین".
 
لە دوای کۆبوونەوەکە سوعاد کڵچ، گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی لەبارەی ئەو پرۆسەیە کرد کە ئێستا دەستیپێکردووە.
 
کڵچ رایگەیاند، تامەزرۆی ئەوە نین تاوەکو بزانن ئۆجەلان چی گوتووە! بەڵکو تامەزرۆن تاوەکو بزانن کە ئایا هەڵوێستی دەوڵەت لەسەر ئۆجەلان گۆڕاوە یان نا؟
 
گوتەبێژەکەی سەرلەنوێ رەفاهـ هەروەها گوتی: "هاوشێوەی ئەحمەد تورک کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆر لە سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین هێنایانە خوارەوە و دواتریش کردیانە باڵیۆزی ئاشتی، ئایا تیرۆرست عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش کە سزای سێدارەی لەسەرە، دەیکەنە باڵیۆزی ئاشتی؟ ئایا نیازەکەیان ئەمەیە یان شتێکی دیکەیە".
 
کڵچ جارێکی دیکە رووی دەمی کردە حکومەت و گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ماوەی 40 ساڵە 40 هەزار شەهیدمان بۆی داوە، بە دەستی دەوڵەت کۆتایی نایەت و بە دەستی ئۆجەلان کۆتایی دێت؟ گونجاوە باوەڕ بەمە بکەین و بە راستەقینەی بزانین؟ دەیهێنێت ئەمە بۆ پەکەکە بکرێت کە خۆتان دەڵێن، هەر بزانن کۆتاییان هات؟ خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە حکومەت لەکوێی ئەمەدایە".   
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێناوەتەوە بەرباس. 
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواتس، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە