رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دەڵێت، "تیرۆر کۆتایی دێت، برایەتی بەهێز دەبێت و میلـلەتی تورک ئاهێکی ئاسوودەیی هەڵدەمژێت."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ سیشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتاری پێشکێش کرد و گوتی، "پێویستە نەخشەڕێگەی سیاسیی سەدەی نوێ بە نیشانەی نوێ بکێشرێت. سیاسەتێک کە لەگەڵ بەها نیشتمانی و رۆحییەکان یەکگرتوو بێت. ئەم سیاسەتە پارچەکار و دابەشکار نییە، سیاسەتێکە کە یەکدەخات."
باخچەلی ئاماژەی بەوەش دا، تەنانەت چرکەیەکیشیان نییە بەفیڕۆی بدەن و گوتی، "سەدەی نوێ سەدەی ئاشتی و ئارامی دەبێت، کێشە درێژخایەنەکان چارەسەر دەکرێن و میلـلەتی تورک دڵخۆش دەبێت. تیرۆر کۆتایی دێت و برایەتی بەهێز دەبێت. میلـلەتی تورک ئاهێکی ئاسوودەیی هەڵدەمژێت."
لە وەڵامی قسەکانی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی کە گوتبووی، "دوو رێگەیان لەپێشە، یان ئاشتی بنیاد دەنێن، یان هەموو شوێنێک دەبێتە غەززە،" باخچەلی گوتی، "کۆتایی تیرۆریستان یان کەوتنە سەر زەوییە یان کەوتنە زیندان. وەبیری ئەوانە دەهێنمەوە کە دەڵێن هەموو شوێنێک دەبێتە غەززە؛ غەززە لە ئێستاوە لەناو ئێمەدایە. بە شەڕ بە هیچ شوێنێک ناگەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەدەی نوێدا هەرگیز باسی دابڕان و هەڵوەشانەوە ناکرێت. ئاوێکی زۆر لە ژێر پردەکاندا رژاوە، سەردەم گۆڕاوە، قوفڵەکان کراونەتەوە و زنجیرەکان شکێندراون، دەرگاکانی سەردەمی ئاشتی و ئارامی میلـلەتی تورک تاوەکو کۆتایی کراونەتەوە."
سەرۆکی مەهەپە لە گوتارەکەیدا باسی پێشهاتەکانی سووریای کرد و ئاماژەی بەوە دا، "پەکەکە، یەپەگە، داعش و دەسەڵاتی قووڵی ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە کار دەکەن بۆ دروستکردنی دۆخێکی نوێ لە سووریا دژی تورکیا."
باخچەلی پێیوایە "سەردەمی چەوساندنەوە لە سووریا کۆتاییهات. ئێستا کات کاتی بنیادنان و هەستانەوەی سووریایە. پێویستە پشتگیری لە سیاسەتە بنیاتنەرەکانی ئیدارەی نوێ بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ