وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، بەر لە ئاکپارتی سیاسەتڤانان نەیاندەتوانی بە کوردی بانگەشە بکەن

دوێنێ کاژێر 09:51
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، بەر لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، زمانی کوردی قەدەخە بوو، "سیاسەتڤانان لە هەڵبژاردنەکاندا نەیاندەتوانی بە زمانی دایکیش بانگەشە بکەن."
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە پارێزگەی بارتنی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدان لە 22 ساڵی رابردوودا جیاکاریی لەنێوان هیچ زمان و پێکهاتەیەک نەکردووە، لەنێوان پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانیش بە یەکسانی خزمەتی کردووە.
 
تونچ لەبارەی پرسی کوردەوە باسی لەوە کرد، "ئەگەر بەر لە ئاکپارتی لە ساڵانی نەوەتەکان، کێشەی کورد هەبووبێت، چارەسەرکاری ئەو کێشەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی بووە."
 
وەزیری دادی تورکیا گوتیشی، "بەر لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گرتووخانەکاندا دایک و رۆڵەیەک نەیاندەتوانی بە زمانی دایک قسە بکەن. ئەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو زەوینەی بۆ ئەمە سازاند. ئەوان لە دادگەدا نەیاندەتوانی بە زمانی دایک بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوە دەسەڵاتی ئاکپارتی بوو زەوینەی بۆ ئەمە رێکخست."
 
ئەو وەزیرە راشیگەیاند، ئێستا کە لە تورکیا کەناڵی فەرمیی کوردی هەیە و سیاسەتڤانان دەتوانن بە زمانی دایکیان لە هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی خۆیان بکەن، لە سایەی ئاکپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغاندایە.
 
تونچ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی هەموو زمان، ئایین و پێکهاتەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردووەتەوە، ئاکپارتییە. داوای لە هەموو پارتەکانیش کرد، بەرەو ئەو یەکگرتوویی و یەکێتییەی ئەوان فەراهەمیان کردووە، ئاراستەیان بگۆڕن.
 
وەزیری دادی تورکیا جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "تورکیا لە کێشەی تیرۆر رزگار دەکەین و بەرەی نێوخۆمان بەهێزتر دەکەین."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، شاندی کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دەستیپێکردووە و بەردەوامیش دەبن.
 
شاندەکە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، لەگەڵ پارتی ئاییندە کۆدەبێتەوە، کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ ئاکپارتی و کاژێر 03:30ی ئێوارەش لەگەڵ پارتی سەعادەت کۆدەبێتەوە.
 
دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک لیرەی تورکی لە دەستە و دەیژمێرێت.

کەمترین مووچەی خانەنشینانی تورکیا دیاریکرا

وەزارەتی کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا کەمترین مووچەی خانەنشینانی سەر بە دامەزراوەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی (SSK) و بیمەی کۆمەڵایەتیی کۆماری تورکیا (Bag-Kur)ـی راگەیاند.