رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئامادەکاریی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا رۆژی یەکشەممە 5-1-2025 لە پارێزگای ترابزۆنی تورکیا، گوتارێکی پێشکێشکرد و جەختی لەسەر برایەتیی گەلانی ناوچەکە کردەوە.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان جەختی کردەوە کە برایەتی لە ناوچەکەدا دەپارێزن، رووی دەمی کردە گەلانی ناوچەکە و گوتی: "دەمەوێت لە ترابزۆنەوە پەیامی راستگۆیانە بە تەواوی تورکیا و براکانمان لەودیو سنوورەکانەوە بگەیێنم. دەکرێت زمانی دایکمان و نەژادمان جیاواز بێت. دەکرێت بۆچوونی سیاسیمان جیاواز بێت، هەروەها مەزهەبمان جیاواز بێت، بەڵام هەموومان رۆڵەی هەزار ساڵەی ئەم ناوچەیەین".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها سەبارەت بە هەنگاوە هەنووکەییەکان لە پرسی کورد و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گوتی: "ئیدی سەردەمی چەک، تووندوتیژی و تیرۆر، هەروەها سەردەمی یاریی کانتۆنکاری بە پشتبەستن بە ئەمپریالیستەکان بە تەواوی کۆتاییهاتووە. رێگە بەوانە نادەین کە دەیانەوێت لەڕێی تیرۆرەوە ئاییندەی ناوچەکە تاریک بکەن. رێگەنادەین دیواری نوێ لە نێوان ئێمە و ئەو برایانەمان هەڵبچنن کە هەزاران ساڵە لەم ناوچەیەدا بەیەکەوە دەژین. تورک، کورد و عەرەب؛ ئێمە خاوەنە دێرینەکانی ئەم ناوچەیەین. سەردەمانێکە بەیەکەوەین و رابردووێکی هاوبەشمان هەیە".
هەروەها بە ناڕاستەوخۆ باسی لە هەژموونی ئەمریکا و ئەورووپا کرد و گوتی: "ناکەوینە نێو یاریی ئەمپریالیستەکان کە لەڕێگەی جیایبکەوە-دابەشی بکە و بەڕێوەی ببە، براکان دەکەنە دوژمن و سەرچاوەکەی (سامانەکەی) دەخۆن".
ئاکپارتی بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پارێزگا جیاوازەکاندا گوتار پێشکێش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ