رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیێنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە کەناراوەکانی چەند شارۆچکەیەکی ئیزمیر، 107 کۆچبەر دەستبەسەرکران و 49 کۆچبەریش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان پەکیدەکەوێت، رزگار دەکرێن.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاویکردەوە، تیمەکانیان بە مەبەستی رێگری لە بازرگانیی بە کۆچبەران، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر کەناراوەکانی شارۆچکەکانی کارابورون، دیکیلی، سەفەریهیسار و فۆچا لە ئیزمیر کردووە.
تیمەکان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی کارابورون 41 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەرکرد، کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها لە شارۆچکەی دیکیلی، 30 کۆچبەریان دەستبەسەرکرد، کە نۆیان منداڵ بوون.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە شارۆچکەی فۆچاش 21 کۆچبەر و لە شارۆچکەی سەفەریهیسار، 15 کۆچبەر دەستبەسەر کراون.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، 49 کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی سەفەریهیسار پەکیکەوت.
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگەکە کران.
بەگوێرەی ئاماری فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگەی ئیزمیر، پار 22 هەزار و 44 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکراون، هاوکات 312 قاچاخچیش بە تاوانی بازرگانی بە کۆچبەران بەندکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ