راپۆرتی 2023: لە باکووری کوردستان و تورکیا 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون

04-01-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن باکووری کوردستان ژن کوشتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتی 2023ـی پلاتفۆرمی تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین (KCDP) لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە باکووری کوردستان و تورکیا، 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 248 ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
 
پلاتفۆرمی تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین (KCDP) مانگانە و ساڵانە راپۆرتی کوژران و گیانلەدەستدانی ژنان بڵاودەکاتەوە. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی، لە ساڵی 2023ـدا 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، 248 ژنی دیکەش شێوازی گیانلەدەستدانیان گومانی لەسەرە و تەمومژاوییە. 
 
زۆرترین کوژرانی ژنان لە گەورەشارەکانی تورکیادا تۆمارکراون. ئیستەنبووڵ 49، ئیزمیر 27، ئەنقەرە 22، ئەدەنە 18، ئەنتالیا 16، مانیسا 13. لە کۆی ئەو 315 ژنەی کوژراون؛ 38ـیان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بوون. زۆرترین کوژرانی ژنان لە باکووری کوردستان لە ئامەد بووە کە لە ساڵی رابردوودا شەش ژن بوون. لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان لە 2023ـدا هیچ کوشتنێکی ژنان تێیاندا تۆمارنەکراوە.
 
لە راپۆرتی ئەو پلاتفۆرمەدا باس لەوە کراوە، تەنیا لە ساڵی 2011 لەوکاتەی تورکیا واژۆی لەسەر بەڵێننامەی ئیستەنبووڵ کرد، ئاماری کوژرانی ژنان کەم بووە. ئەگەرنا لە ساڵەکانی دیکەدا ژمارەی ژنانی کوژراو زیادی کردووە. بەتایبەتی دوای کشانەوەی تورکیا لە بەڵێننامەکە، ئامارەکانی کوژرانی ژنان رووی لە زیادبوونێکی نائاسایی کردووە. بەڵام حکومەتی تورکیا پێداگرە لەسەر بڕیاری کشانەوەی لەو بەڵێننامەیە و رەتیدەکەنەوە کە ئەوە رێگەیەکی دروست بێت بۆ رێگریکردن لە کوژرانی ژنان.
 
تورکیا 11-5-2011 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی ئیستەنبووڵ کرد. پەیماننامەکە لە ساڵی 2014 بە رەزامەندی 10 وڵات خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە مانگی تەمووزی 2019ـشدا لە لایەن 34 وڵات و یەکێتیی ئەوروپاوە پەسندکرا. پەیماننامەکە لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیدا بە یەکەمین پەیماننامە هەژمار دەکرێت، کە جەخت لەسەر ئەنجامەکانی تووندوتیژی دژ بە ژنان، نایەکسانیی نێوان ژن و پیاو و جیاکاری لە دژی ژنان دەکاتەوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 20-3-2021 بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، واژۆی لەسەر کشانەوە لە پەیماننامەکە کرد، بڕیارەکەش لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە. کشانەوەی تورکیا لە پەیماننامەکە لە چەندین شاری باکووری کوردستان و تورکیا دەنگی ناڕەزایی ژنانی لێکەوتەوە. 
 
وڵاتانی ئەندام لەم پەیماننامەیەدا رێکاری یاسایی تووند لە دژی ئەم رەفتارانە دەگرنەبەر کە پەیماننامەکە بە تاوان دەیانناسێنێت: 
 
- تووندوتیژی خێزانی (جەستەیی، سێکسی، دەروونی یان ئابووری)
- هەوڵدان بۆ گێچەڵی سێکسی
- تووندوتیژی سێکسی، لەوانە دەستدرێژی سێکسی
- گێچەڵی سێکسی
- هاوسەرگیریی بەزۆر 
- خەتەنەکردنی ژنان
- لەباربردن و نەزۆککردنی بەزۆر
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە