رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا لە کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، ناکۆکی کەتووەتە نێو هاوپەیمانیی میللەت و، گوتەیەکی دودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە بەشێکە لە هاوپەیمانییەکە، بەرپرسانی جەهەپەی توڕەکرد.
پارتی ئاییندە کە لەژێر لیستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد، 10 کورسیی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاری تورکیا بەدەستهێنا.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە رۆژی 31ـی تەممووز لە بەرنامەیەکی تایبەتدا باسی لەوە کرد، هەوڵیداوە لەگەڵ هەر سێ پارتی سەعادەت، دیموکرات و دەڤا بە لیستێک دابەزن و دواتر بە ناچاری لەسەر لیستی جەهەپە بەشداری کردووە.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە گوتی "دوایین بژاردەم ئەوە بوو؛ لەسەر لیستی جەهەپە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەم. پێشتر هەموو هەوڵێکم دا و پێشنیازم خستە بەردەمی هەر سێ پارتەکە و ئیی پارتیش؛ گوتم راستڕۆکان دەنگ بە جەهەپە نادەن".
ئەم گوتانەی داودئۆغڵو، بەرپرسانی جەهەپەی تووڕە کرد.
ڤەلی ئاغبابا، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند "خۆزگە بەڕێز داودئۆغڵو پەشیمانیی نیشان نەدایە! بە لیستی جیا بەشداری بکرایە و هەمووان رێژەی دەنگەکانیان ببینیایە. بە دروستی نازانم قسە لەبارەی هاوپەیمانەکانمان بکەم، بەڵام هەمووان دەزانن ئەوەی زۆرترین قوربانیی داوە، بەڕێز داودئۆغڵو نەبوو، بەڵکو جەهەپە بوو".
بەشێک لە بەرپرسانی جەهەپە دەڵێن، ئەگەر پارتی ئاییندە لە سەر لیستی ئەوان نەبووایە، هەرگیز نەیدەتوانی کورسی بباتەوە.
عەلی ئۆزتونچ، پەرلەمانتاری جەهەپە توانج لە گوتەکانی داودئۆغڵو دەدات و دەڵێ "هیچ کەسێک تفەنگی نەخستبووە سەر سەریان و بڵێت وەرن لێرە بەربژێر بن. با ئەوەیان نەکردایە. هەڵبژاردنێکی دیکە دێت و با بە تەنیا بەشدار بن و رێژەی دەنگی خۆیان بزانن".
هاوپەیمانیی میللەت کە 6 پارتی ئۆپۆزیسیۆنی لەخۆگرتبوو، لە هەڵبژاردنی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا کە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، 212 کورسیی بردەوە. لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی جمهوور کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رابەرایەتیی دەکات، 232 کورسیی بردەوە و زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
ناکۆکیی ئێستای هاوپەیمانیی میللەت لەکاتێکدایە، رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ