جەهەپە لە ئەنقەرە بەربژێرەکانی دەناسێنێت

18-02-2024
هێمن عەساف
نیشانەکردن جەهەپە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لە رێوڕەسمێکدا بەربژێرەکانی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان دەناسێنێت. سەرۆکی جەهەپە لەو رێوڕەسمەدا سیاسەت و هێڵی گشتیی کارنامەی شارەوانییەکان ئاشکرا دەکات. 
 
بڕیارە کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی شوباتی 2024)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئەنقەرە، رێوڕەسمێک بۆ ناساندنی ئەو بەربژێرانەی رێکبخات کە لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانییەکان، شارەوانیی شارەکان و شارۆچکەکان دەستنیشانکراون.
 
لە رێوڕەسمەکەدا بڕیارە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، گوتارێک پێشکێش بکات. تێیدا سیاسەت و هێڵی گشتیی کارنامەی شارەوانییەکانی جەهەپە رابگەیێنێت لەگەڵ گرنگترین بەڵێنەکان لەسەر ئاستی گەورەشارەوانییەکان. 
 
تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە، لە کۆی هەزار و 16 شارەوانیی لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان، 946 بەربژێری گەورەشارەوانییەکان، شارەوانی شارەکان و شارۆچکەکانی یەکلاییکردووەتەوە. 
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی نوێی جەهەپە، یەکەم تاقیکردنەوە دەبێت و دەیەوێت گەورە شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و سێ گەورەشارەوانییەکەی بۆڵو، بورسا و باڵکئەسیر بباتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی 2019ـدا لە دەست ئاکپارتیی سەندبوو. لەبەرامبەردا ئاکپارتی زۆر بەجیدی کار دەکات بۆ ئەوەی هەردوو گەورە شارەوانییەکە لە جەهەپە بسەنێتەوە.
 
جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، بە تەنیا دەچێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە بڕیارە 31ـی ئاداری ئەمساڵ بکرێت. جەهەپە-ی سەردەمی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە، لە رێگەی هاوپەیمانی میللـەت کە لە شەش لایەنی سیاسیی پێکهاتبوون دوو هەڵبژاردنی بەڕێکرد. ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەکانی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2019ـدا هەدەپە داوای لە دەنگدەر و لایەنگرانی کرد لە بەشێک لە شارە گەورەکانی تورکیادا پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی میللەت بکەن و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی جەهەپە بتوانن ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە ببەنەوە. بەمەش جەهەپە چاوی لەوەیە ئەمجارە دەم پارتی هاوکاریان بێت دوای ئەوەی لە ئیی پارتی بێ ئومێد بوون، بۆ ئەوەی بەربژێرەکانیان لە شارە گەورەکان و بگرە لە شارەکانی دیکەش سەربخەن.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەیوومیان بۆ دانرا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە