پەرلەمانتارێکی جەهەپە پشتگیری لە سەزگین تانریکوڵو دەکات

12-09-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن جەهەپە سەزگین تانریکوڵو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی جەهەپە لە بازنەی ئیزمیر، پاڵپشتی خۆی بۆ سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتاری جەهەپەی ئامەد راگەیاند، کە بەهۆی لێدوانەکانی سەبارەت بە سوپای تورکیا لە نێوخۆ و دەرەوەی پارتەکەی خۆیدا رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەتەوە و لەلایەن داواکاری گشتیی ئەنقەرەشەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. 
 
یوکسەل تاشکن، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئیزمیر رۆژی دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیادا نووسیی، "سەزگین تانریکوڵو بەبێ ئەوەی سووکایەتیی بە کەس بکات رەخنەی گرتووە. ئەو کولتوورە ناپاکەی گوشار کە تانریکوڵوی کردووەتە ئامانج، بەرهەمی داردەستەکانی دەسەڵاتە. وەک پارێزەرەکەی ئەردۆغان کە ماوەیەک لەمەوبەر کاتێک بەرگریی لە ئەردۆغان دەکرد لە دۆسیەیەکدا گوتی: ئازادی رادەربڕین ئەو قسانەش دەگرێتەوە کە هەندێک کەس تووشی شۆک دەکەن.''
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە لە کاتی گەڕانەوەیدا لە لوتکەی سەرکردەکانی جی 20 لە هیندستان، لەنێو فڕۆکەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەبارەت بە گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو گوتی "ئەم سووکایەتی و بوختانە نامەردانانە، بێ سزا نابن."
 
هەمان رۆژ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند "پرۆسەی لێکۆڵینەوەی پێویست لەبارەی سەزگین تانریکوڵو دەستیپێکردووە، ناکرێ ئەم گوتانەی قبوڵ بکرێت. بۆ کەس ناگونجێت رەخنە لە سەربازەکانمان و سوپاکەمان بگرێت. حیزبەکەی دەبێ ئەوەی پێویستە بیڵێت. لەبارەی لێکۆڵینەوەکە، سکاڵانامە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە." 
 
سەزگین تانریکوڵو رۆژی هەشتی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کە بە تەلەفۆن بەشداریی کردبوو، گوتبووی سوپای تورکیا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی 15 هاووڵاتی لە پارێزگای ئامەد لە هەلیکۆپتەر فڕێداوە و گوندەکانی سووتاندوون و بۆردوومانی کردوون.
 
داواکاری گشتیی ئەنقەرە رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوول) بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە گەلی تورکیا، دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاندانی رق و دوژمنایەتی، دەستی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەزگین تانریکوڵو کرد. 
 
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "لێدوانەکانی سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتاری دیاربەکر سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە رووناکی چاوی میللەتەکەمانن، جێگەی قبوڵکردن نییە."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیاـش تانرکۆڵوی بە هەڵبەستنی تۆمەت تۆمەتبار کرد. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەیلوول لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەسەر ئەو بابەتە گوتی، "گوتەبێژی پارتیمان لەسەر ئەو بابەتە لێدوانی داوە. هێزە چەکدارەکانی تورکیا نووری چاومانن."
 
سەزگین تانریکولو هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند "من، هەرگیز لە کاتی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، هەنگاوم بۆ دواوە نەناوە و ناینێم."

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.