رووداو دیجیتاڵ
دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێرا.
دەنگدان بۆ سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە گەڕی یەکەمدا یەکلانەبووەوە و کەوتە گەڕی دووەمەوە، کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-11-2023) کۆتاییهات و ئەنجام راگەیێندرا.
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە؛ ئۆزگور ئۆزەل 812 دەنگ و کەمال کڵچدار ئۆغڵوو 536 دەنگیان بەدەستهێنا، بەمەش سەردەمی دەسەڵاتی کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی ئەو پارتە، کۆتاییهات.
بایۆگرافیی ئۆزگور ئۆزەل:
ساڵی 1974 لە مانیسا لەدایکبووە
ساڵی 1997 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرمانسازی لە مانیسا بەدەستهێناوە
ساڵی 2009 بە سەرۆکی شارەوانیی مانیسا هەڵبژێردرا
پێنج خولە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپەیە
چوار خول جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو
لە 38ـەمین کۆنگرەدا بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا
باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک
زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ