رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارانەی رۆژی شەممە لە بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب کوشتوویانن گەیشتە 52 کەس.
پێش ئەوە، هەسەدە گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی خۆی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی تورکیا لە بەنداوەکە راگەیاند.
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کە سەر بە هەسەدەیە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ژمارەی چەتە کوژراوەکانی سەر بە تورکیا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین، بۆ 52 کەس بەرزبووەوە، لە نێویاندا ژمارەیەک سەرکردە هەن."
هەسەدە هەروەها تێکشكاندنی دوو زرێپۆش و تانکێکی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی راگەیاند.
هەسەدە دەڵێ "دوای ئەوەی هێزەکانمان هێرشی چەتەکانی سەر بە داگیرکاری تورکیان بۆ سەر بەنداوی تشرین لە دوو قۆڵەوە تێکشکاند و دەیان چەتەیان کوشت و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان لەنێوبرد، داگیرکاری تورک بۆردوومانی ئاسمانی و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچەکە چڕکردەوە، لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون."
بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فورات دروستکراوە. بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب.
دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات، گرووپە چەکدارەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە دەدەن. بەشی رۆژئاوای بەنداوەکە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و بەشی رۆژهەڵاتی لە دەستی هەسەدەدا ماوەتەوە.
بە گوتەی هەسەدە، شەممە سێزدەیەمین رۆژی "بەرخودان"ـی هێزەکانیان بوو دژی گرووپە چەکدارەکان کە لە لایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن.
هەسەدە دەڵێت "دوای 12 کاژێر لە شەڕ و پێکدادانی سەخت، چەتەکان ناچارکران لە ناوچەکە هەڵبێن و لە خاڵێکی سەربازیی نزیک بەنداوی تشرین کۆبوونەوە. دوای ئەوە لەلایەن هێزەکانمان کرانە ئامانج و کوژراو و برینداری زیاتریان تێکەوت."
پێشتر بەرپرسانی بەڕێوەبردنی بەنداوەکە کە ئێستا لە کارکەوتووە، هۆشدارییان دابوو لەوەی مەترسیی هەیە بەهۆی هێرشەکان، بتەقێتەوە.
دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم رووخێندرا، سوپای نیشتمانیی سووریا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان زیادکرد.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
ئەنقەرە چاوی لەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەنگاو دژی هەسەدە بنێن و ئەو شتەی کە بە "هەڕەشەی ئەمنی" بۆ سەر تورکیا ناوی دەبات، لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان نەمێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە و تاوەکو شەڕڤانان چەک دانەنێن، دەست هەڵناگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ