وەزیری دەرەوەی سووریا دیاریکرا؛ گەنجێکی خەڵکی حەسەکەیە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی کاتیی سووریا ئەسعەد حەسەن شەیبانی بە وەزیری دەرەوەی نوێی وڵاتەکە دەستنیشانکرد. 
 
شەیبانی، خەڵکی شاری قامشلۆی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، لەدایکبووی ساڵی 1987ـە. لە زانکۆی دیمەشق بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (حکومەتی رزگاریی سووریا) لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە). 
 
شەیبانی لەنێو حکومەتەکەی هەتەشەدا لە ئیدلب لە بواری مرۆیی کاریکردووە. بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سووریا، شەیبانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانیدا هەیە و کارئاسانی بۆ کاری مرۆیی لە باکووری رۆژئاوای سووریا کردووە. 
 
دەستنیشانکردنی شەیبانی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، دوو رۆژ دوای سەردانی شاندێکی ئەمریکی بۆ دیمەشق هات، کە لەو سەردانەدا گفتوگۆی فراوانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا کرد. 
 
ئەسعەد حەسەن شەیبانی بە ناسناوەکانی ئەبو عایشە، زەید عەتار و حوسام شافعی بانگ دەکرێت. 
 
میدیای سووریا دەڵێت، شەیبانی بە "لەسەرخۆیی و زیرەکی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە سیاسییەکان دەناسرێتەوە."
 
بەڵام هەندێ سەرچاوەی دیکە دەڵێن، ئەو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەرەی نوسرە و پردی پەیوەندی بووە لەگەڵ قاعیدە. 
 
محەممەد بەشیر لە لایەن ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی راسپێردراوە تاوەکو ئاداری ساڵی داهاتوو سەرکردایەتیی حکومەتی راگوزەر بکات، ئەوەش دوای هێرشێکی خێرای 12 رۆژی کە بووە هۆی رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە