هەسەدە گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە بەنداوی تشرین رادەگەیێنێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گیانلەدەستدانی پێنج شەڕڤانی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی تورکیا لە بەنداوی تشرینی پارێزگەی حەلەب راگەیاند. 
 
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو (21-12-2024) دەڵێت "دوای ئەوەی هێزەکانمان هێرشی چەتەکانی سەر بە داگیرکاری تورکیایان بۆ سەر بەنداوی تشرین لە دوو قۆڵەوە تێکشکاند و دەیان چەتەیان کوشت و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان لەنێوبرد، داگیرکاری تورک بۆردوومانی ئاسمانی و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچەکە چڕکردەوە، لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون."
 
بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فورات دروستکراوە. بە دووریی 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب. 
 
دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە دەدەن. بەشی رۆژئاوای بەنداوەکە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و بەشی رۆژهەڵاتی لە دەستی هەسەدە دا ماوەتەوە.
 
هەسەدە، هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە 13ـەیەمین رۆژی "بەرخودان"ـی هێزەکانیان دژی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، 52 "چەتەی سەر بە تورکیا"ـیان کوشتووە و، "دەیانی دیکە"ـیان بریندارکردووە. 
 
بە گوتەی هەسەدە، هێرشەکە بە پشتیوانیی ئاسمانیی تورکیا کراوە. 
 
پێشتر بەرپرسانی بەڕێوەبردنی بەنداوەکە کە ئێستا لە کارکەوتووە، هۆشدارییان دابوو لەوەی مەترسیی هەیە بەهۆی هێرشەکان، بەنداوەکە بتەقێتەوە. 
 
دوای ئەوەی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەم دا رووخێندرا، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان زیادکرد. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت. 
 
ئەنقەرە چاوی لەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەنگاو دژی هەسەدە بنێن و ئەو شتەی کە بە "هەڕەشەی ئەمنی" بۆ سەر تورکیا ناوی دەبات، لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان نەمێنێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە و تاوەکو شەڕڤانان چەک دانەنێن، دەست هەڵناگرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ رووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمڕۆیانە

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج: 35 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە تورکیامان کوشت

راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، 13ـەمین رۆژی لەسەریەکە شەڕ لەنێوان شەڕڤانەکانیان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا ئەمڕۆ 35 چەکداریان کوشتووە.