رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری بڵاوەپێکردووە و بەقووڵایی زیاتر لە 5 کیلۆمەتر پێشڕەویی کردووە بۆ نێو خاکی سووریا.
گوندی سەیدا لە پارێزگای قونەیترە، گوندەکانی عابدین و معێرییە لە پارێزگای دەرعا، ئەو ناوچانەن کە سوپای ئیسرائیل چوونەتەوە نێویانەوە.
رووداو، لە نزیک خاڵێکی سەربازیی ئوردنەوە لەسەر سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل لە دۆخەکە دەکۆڵێتەوە؛ دۆخەکە لای ئەوان ئارامە و سوپای ئیسرائیل ئەگەرچی لێیان نزیکن، بەڵام رووبەڕوویان نەوەستاونەتەوە.
عەبدولرەحمان ئەحمەد، دانیشتووی گوندی معێرییە لە سووریا پەنجەی بە ئاراستەی سوپای ئیسرائیل لە نزیک گوندەکەیانەوە درێژ دەکات دەڵێ "سوپای ئیسرائیل لای ئەو دارانەوەن، بەشێوەکی زۆر سیستماتیکی بڵاوبوونەوەتەوە و هەموو شتێکیان پێیە لە زرێپۆش، چەکی قورس و هەموو شتێک."
هەروەها دەڵێ "ژمارەی سەربازەکانیش زۆرن کە هاتوونەتە ئێرە. جاری وا هەیە هەندێک سەرباز دێنە نێو گوندەکانی دیکەشەوە، هەندێک جاریش بە دەوروبەری گوندەکان بڵاودەبنەوە تاوەکو دەگەنە گوندی عابدین، ئیدی بەم شێوەیە کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە."
درۆنی ئیسرائیلی بەردەوام بە ئاسمانی گوندەکانەوە دێن و دەچن و، چاودێرییان دەکەن. سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی گوندەکان کردووە؛ ئاڵای سپی لە سەربانەکانیان هەڵبکەن و هەر چەکێکیشیان هەیە، رادەستی بکەن.
عەبدولعەزیز حەمدان، دانیشتوویێکی دیکەی گوندی معێرییە دەڵێ "ئەوەی یەک فیشەکیشی لە ماڵەوە هەبێت، خانووەکەی بەسەردا دەڕووخێنن. گوتیان دەبێت چەکەکانتان رادەستی مزگەوتەکە بکەن. بۆ ئێمە بەندەی ئەوانین! نەخێر چەک رادەست ناکەین و وەڵامان دەبێت، لە سووریا دەمێنینەوە ئەگەر بەزۆریش بێت؛ ئەوە دوایین قسەمە."
مەحموود حەمدان، دانیشتوویێکی دیکەی گوندەکە گوتی، ئەوان چوون خۆپێشاندانیان لەدژی سوپای ئیسرائیل کردووە "گوتمان لێرە دوورکەونەوە، بەڵام بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەرمان و کەسێکیشمان برینداربوو. ئەمانە دەیانەوێت ناوچەکە داگیربکەن، دەیانەوێت بێنە ناوچەکەوە و داگیری بکەن."
لەدوای نەمانی سوپاکەی بەشار ئەسەد، سەر سنوورەکان چۆڵ بوون، هیچ هێزێکیان لێ نابینرێت، تەنانەت چەکدرانی دەستەی تەحریر شامیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ