وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا: رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین

22-01-2025
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا لە داڤۆس لە گفتوگۆیەکدا گوتی چاویان لەوەیە داهاتووی سووریا بنیات بنێن و "رێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین."
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-1-2025) لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە گفتوگۆیەکدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس لە سویسرا رایگەیاند "جیاکاریی لەنێوان پێکهاتەکانی سووریادا ناکەین."
 
ئەسعەد شەیبانی، جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی "نابێتە هەڕەشە لەسەر هیچ وڵاتێکی جیهان."
 
لەبارەی پرسی ژن لە وڵاتەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لەوە کرد، "ژنانی سووریا رێزلێگیراو دەبن و پۆستیان دەبێت."
 
وەزیری دەروەی سووریا گوتی، وڵاتەکەیان جەخت لەسەر 5 لایەن دەکاتەوە کە بریتین لە "وزە، پەیوەندی، رێگەوبان، فڕۆکەخانە، پەروەردە و تەندروستی." و دەڵێ ئەگەر لەم پێنج لایەنە سەرکەوتوو بن، "خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ خەڵکی سووریا فەراهەم دەبێت."
 
لە کۆڕبەندەکەدا ئەسعەد شەیبانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەو سزایانەی بەسەر دەسەڵاتی ئەسەد دا سەپێندرابوون، هەڵبگیرێن و، گوتی " هەڵگرتنی ئەو سزا ئابوورییانە کلیلی سەقامگیریی سووریایە... ئەو سزایانە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا بەسەر رژێمی پێشوودا سەپێندرابوون بەڵام ئێستا لە دژی خەڵکی سووریان."
 
لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکا دەڵێن، "دوودڵن لە هەڵگرتنی سزاکان" و دەیانەوێت "کرداری" حکومەتی نوێ ببینن. 
 
وا بڕیارە 27ـی کانوونی دووەم، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵگرتنی هەندێک لە سزاکانی سووریا کۆببنەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە