زیندانیانی سیدنایا؛ لە پەتی سێدارەوە بۆ ژیانێکی نوێ

08-12-2024
نازەنین گۆران
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ کەوتنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن، زیندانیانی گرتووخانەکانیش رزگاریان بوو، بەتایبەتی زیندانیانی گرتووخانەی سیدنایا لە دیمەشق، کە بەدناوترین زیندان بوو و بە "کوشتارگەی مرۆڤ" ناسراوە. 
 
زیندانی سەربازیی سیدنایا، دەکەوێتە دووریی 30 کیلۆمەتر لە باکووری شاری دیمەشقی سووریا. زیندانەکە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی سوریادا بوو، لەلایەن پۆلیسی سەربازیشەوە بەڕێوەدەبرا. 
 
لە دوو باڵەخانە پێکدێت، یەکێکیان بە باڵەخانەی سپی و ئەوی دیکە بە سوور ناسراوە. هەردوو باڵەخانە توانای لەخۆگرتنی 10 بۆ 20 هەزار زیندانیان هەبوو. 
 
لە هەشتاکان لەلایەن حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا دروستکراوە. لە 2011 لەگەڵ شۆڕشی سووریا ئەم زیندانە لەلایەن بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئێستای سوریاوە بەکارهێنراوە. 
 
هەموو ئەوانەی دژی حکومەتی بەشار ئەسەد خۆپێشاندانیان دەکرد، رۆژنامەنووسان، خەڵکی سڤیل، کەسایەتیی سیاسی و هەموو ئەو سەربازانەی لە سوپا گومان دەکرا دژی رژێم بن لە سیدنایا زیندانی دەکران.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە نووسینگەکەی لە بەریتانیایە و 2021 بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە زیندانەکانی سووریا لەسێدارە دراون یاخود مردوون، کە 30 هەزاریان لە زیندانی سیدنایا بووە. 
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی -ئەمنستی ئینتەرناشناڵ-یش لە راپۆرتێکیدا مەزندەی کردووە لە ئەیلوولی 2011 بۆ کانوونی یەکەمی 2015 نزیکەی پێنج هەزار بۆ 13 هەزار کەس لەو زیندانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە سێدارەدرابن.
 
شەپاڵ ئیبراهیم، زیندانیکراوێکی سیدنایایە کە لە 2011 دەستگیرکراوە و لە 2013 بە هەوڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە لێبووردنی تایبەت ئازاکراوە. پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە بارەی سیدنایا گوتبووی: "زیندانەکە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی تێدا بووە، ماوەی 28 رۆژ لەژێر زەمینەکان مامەوە، چەندین جار گوێمان لە دەنگی ئەشکەنجەدانی زیندانیان بووە، پاسەوانان زۆرجار زیندانیکراوانیان ناچاردەکرد دەستدرێژی بکەنە سەر یەکدی، ئەوەی لەوێ روویدەدا وەکو فیلم بوو."
 
بە گوتەی شەپاڵ ئیبراهیم، زیندانیکراوان بە لێدان، بێبەشکردنیان لە خواردن و خواردنەوە، دەرمان و چاودێریی پزیشکی و چەندین رێگەی دیکەی دڕندە ئەشکەنجە دەدران.
 
لەبارەی بوونی ژن لە زیندانەکە گوتی، "دەمانبیست کە ژنیش لە زیندانەکە هەیە، بەڵام هیچ ژنێکمان نەبینیبوو دواتر بۆمان دەرکەوت ژنانیان بەنهێنی لەژێرزەمینی تایبەت داناوە بۆ ئەوەی کەس گوێی لە دەنگیان نەبێت و کەس ئەوان نەبینێت."
 
بە گوتەی ئەو زیندانیکراوە، "چەندین ژن لەژێر زەمینەکان لەلایەن پاسەوانان دەستدرێژی دەکرایە سەریان و چەندین منداڵ لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە هەر لە زیندانەکە لەدایکبوون."
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی دوای کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر ژن لە سیدنایا رزگار دەکرێن.
 
لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، باڵەخانەی سوور لە سیدنایا بۆ ئەو زیندانیکراوانە بووە کە لە 2011ـەوە بەهۆی بەشدارییان لە شۆڕش دەستگیرکراون. ئەو ئەفسەر و سەربازانەش کە بەشدارییان لە خۆپیشاندان کردووە لە باڵەخانەی سپیی زیندانیکراون. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەزارەها زیندانی لە باڵەخانە سوورەکە بە نهێنی لەسێدارە دراون. پێش لەسێدارەدانیان ئەم قوربانییانە لە دادگەی سەربازی گۆرەپان کە دەکەویتە گەڕەکی قابوونی دیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکرا. 
 
ئەو دادگەیە لەماوەی یەک بۆ سێ خولەک بڕیاری لە بارەی دۆسییەکان دەدا. دەسەڵاتدارانیش رۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان بە ئاهەنگگێران وەسفدەکرد.
 
لە دوانیوەڕۆی هەمان ئەو رۆژەی بریارەکەیان بۆ دەردەکرا، زیندانیکراوان ئاگاداردەکرانەوە کە دەگوازڕێنەوە زیندانێکی مەدەنی، بەڵام لە بری ئەوە دەگوازرانەوە بۆ ژوورێک لە ژێرزەمینی باڵەخانە سوورەکە، لەوێ دوو بۆ سێ کاژێر ئەشکەنجە دەدران. 
 
لەنیوەشەو چاوەکانیان دەبەسترایەوە و بە بارهەڵگر و مینی پاس دەبرانە باڵەخانە سپییەکە، لەوێ لە ژوورێک لە ژێر زەمین هەڵدەواسران و لەسێدارە دەدران. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئەم پڕۆسەیە یەک بۆ دووجار لەهەفتەیەکدا جێبەجێ دەکرا. هەموو کاتێکیش لە نێوان 20 بۆ 50 زیندانی بەوشێوەیە لە سێدارەدەدران. رێکخراوەکە لە زاری ئەو زیندانیکراوانەی کە ئازادکراون زیندانەکەی بە "کوشتارگەی مرۆڤایەتی" نێوبردووە.
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵیش دەڵێت، زیندانیکراوان بەهیچ شێوەیەک لە بریاڕەکە ئاگادار ناکرێنەوە، تەنانەت نازانن بە چ شێوەیەک دەکوژرێن، تا ئەو کاتەی پەت لە ملیان دەکرێت. دواتر تەرمەکانیان دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی تشرین و لەوێ تۆمار دەکرێن، دواتر بە کۆمەڵ دەنێژرێن. 
 
پڕۆسەی لەسێدارەدان لە زیندانی سیدنایا بە نهێنی بووە و هیچ کەسێک پێ نەزانیوە تەنیا بەرپرسە گەورەکانی سووریا نەبێت. لە راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هاتووە، تەنانەت پاسەوانن ئەوانەی سەرپەرشتی پڕۆسەی کۆکردنەوەی تەرمەکان دەکەن یان ئەوانەی لە باڵەخانە سوورەکە ئەشکەنجەی زیندانیکراوان دەدەن، نازانن دوای گواستنەوەیان بۆ باڵەخانە سپییەکە لە نیوەشەودا چییان بەسەردا دێت.
 
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، بڕیاری لەسێدارەدان لەلایەن موفتی باڵای سووریا و یان وەزیری بەرگریی یان سەرۆکی ئەرکانی سوپا پەسەند دەکرا.
 
زیندانییەکی سیدنایا: بوو لە سێدارەم بدەن
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەنی بڵاوکراونەتەوە، بەشێک لە زیندانییەکان لە شیرینی خەودان کاتێک چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەگەنە نێو زیندانییەکە.
 
چەکدارێکی ئۆپۆزیسیۆن کە لە نێو ژووری کۆنتڕۆڵی گرتووخانەکە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە. دەڵێت، ئەمە هۆڵی کامێراکانی چاودێرین، سەیری ئەم شاشانە بکەن خۆشەویستان و هەموویان کاردەکەن. بینن کۆمپیوتەرەکانی سەر ئەم مێزە و هەموو ئەوانەی لەسەر ئەم دیوارە دانراون، شاشەی کامێرای چاودێریی زیندانیانن. ئەمانە تایبەتە بە زیندانییەکان و نازانن چی روویداوە، ئەمە زیندانی سیدنایا. سەیری ئەم ژنانە بکەن".
 
بەگوتەی بەشێک لە رزگارکراوانی زیندانی سیدنایا، ئەگەر ئەمڕۆ رزگارنەکرابان. یەکێک لە رزگارکراوەکان دەڵێت: "ئێستا ئێمە لە نێوەڕاستی دیمەشقین. سوێند بەو خوایەی کە هیچ خودایەک نییە جگە لە ئەو، من و هاوڕێیەکم پێش نیو کاژێر دەبوو لە سێدارە بدرێین. سوێند بەو خودایە کە هیچ خودایەک نییە جگە لە ئەو، بڕیار بوو ئەمڕۆ 54 کەس لە سێدارە بدرێین." 
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، 27 بەندینخانە لەو وڵاتە هەن کە لە ئاداری 2011 بۆ تشرینی یەکەمی پار 15 هەزار و 51 کەسیان تێدا لە کوژراون کە 190یان منداڵ و 94یشیان ژن بوون.
 
لە ساڵی 2003 بە کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسێن، لاپەڕەی زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا داخرا، دوای 21 ساڵ لاپەڕەی نەهامەتی و ئەشکەنجەدانی زیندانی بەدناوی سیدنایاش داخرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە