رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا- ئەنەکەسە رایگەیاند، ئەنجوومەنەکە و پارتی یەکێتیی دیموکرات- پەیەدە رێککەوتنیان تەواو کردووە کە ئامانجی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سووریا.
محەممەد ئیسماعیل، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاڤای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، رۆژی هەینی 21-03-2025 ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتنەکە دوو رەهەندە؛ یەکەمیان پەیوەستە بە هەڵوێستی کورد لە ئاست داهاتووی سووریا و دووەمیش چۆنیەتی بەدیهێنانی مافەکانی کورد لە سووریا".
محەممەد ئیسماعیل جەختی کردەوە کە "خاڵەکانی رێککەوتنەکە پەیوەندی بە کەسێک یان پارتێک یان ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو خاڵی کوردین کە هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا."
بەگوێرەی قسەکانی ئەو سیاسەتڤانە کوردە، "بڕیارە راگەیاندنی رێککەوتنەکە چەند رۆژێک دوای نەورۆز (لەوانەیە لە نێوان 24-25ی ئازاری ئەمساڵ) بێت، دوای ئەوەی لەلایەن ئەو حیزبانەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت کە لە ژێر ئاڵای هەر دوو لادان، بۆ ئەوەی ببێتە دەقێکی گشتی بۆ هەموو حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە سووریا."
محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا، شاندی هاوبەشی کوردی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق پشت بە خاڵەکانی رێککەوتنی کوردی دەبەستێت.
هەروەها گوتی "پێویستیی ئامادەبوونی هاوپەیمانە ئەمریکی و فەرەنسییەکانمان و هەروەها لە هەرێمی کوردستان بۆ راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە، لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هۆکارێکن بۆ دواخستنی ئەم راگەیاندنە."
ئیسماعیل جەختی کردەوە: "هێشتا رێککەوتنەکەمان واژۆ نەکردووە، چونکە ئێمە رێککەوتین لەسەر خاڵە نەتەوەییە کوردییە گشتییەکان، بەڵام پێویستە پرۆتۆکۆلێکی دیاریکراو هەبێت سەبارەت بە شاندی دانوستاندن و لەسەر ئەو بنەمایە شاندێکی هاوبەش پێکدەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی ئێمە باسمان لە لایەنەکانی دی نەکردووە".
هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە شاندی هاوبەشی کوردی "جەخت لەسەر لامەرکەزییەت دەکات وەک داواکارییەکی سەرەکیی کورد لە سووریادا، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە داواکاریی فیدراڵی لە رێککەوتنە کوردییەکەدا هەیە، بەڵام لەپێشینە بۆ داواکردنی شێوەی دەوڵەت بەپێی دۆخی قۆناخی سووریا دەبێت."
هاوکات سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، جەدعان عەلی، بە رووداوی راگەیاند، گەیشتوونەتە دیدگایەک و بەڵگەنامەیەکی کوردیی هاوبەش لە نێوان ئەنجوومەن و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆبوونەوەی دواییدا کە بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمریکی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
جەدعان عەلی روونی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی پێشکێشکراو لەلایەن هەردوولاوە کراوە و هەموو خاڵە ناکۆکەکان تێپەڕێنران و "هیچ ناکۆکییەک لە نێوان هەردوو لادا نەماوە".
ئەنەکەسە و پەیەدە، رۆژی 18ی ئادار لە شاری حەسەکە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەرانی لایەنی ئەمریکی کۆبوونەوە.
رۆژی 18-3-2025، کۆبوونەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە سەرەکیترین پارتی نێو ''پەیەنەکە''ـیە لەگەڵ ئەنەکەسە لە حەسەکە بەڕێوەچوو. ئەوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، "ئەرێنی بوو".
دواتریش ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون، رایانگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەرێنی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ