رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی هەواڵی لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵێت، ئەمریکا ژمارەیەک مەرجی بۆ سووریا داناوە بۆئەوەی بەشێک لە سزاکانی سەری لاببات.
رۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسێکی سووریا بڵاویکردەوە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە کۆنفرانسی تایبەت بە بنیاتنانەوەی سووریا، کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو؛ ناتاشا فرانچێسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
رۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسەکەی ئیدارەی ترەمپ بە شەیبانی راگەیاندووە، بۆ ئەوەی بەشێک لە سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگیرێن، پێویستە سووریا پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی لەنێوببات، لە شەڕی دژی تیرۆر هاوکاری واشنتن بکات و دڵنیایی بدات لەوەی چەکدارە بیانییەکانی نێو دەستەی تەحریری شام هیچ پۆستێکی حکومی وەرناگرن.
تاوەکو ئێستا لانیکەم پێنج چەکداری بیانی نێو هەتەشە لەنێو سوپای نوێی سووریا پۆستیان وەرگرتووە.
ئاژانسە هەواڵییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن داوای لە دیمەشق کردووە کە لە هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ئۆستن تایس هاوکاری بکات.
ئۆستن تایس رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی تەمەن 43 ساڵە و لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا، رۆژنامەی واشنتن پۆست و کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی کاری دەکرد و لە ئابی 2012 لە نزیک شاری دیمەشق دیارنەما و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
بەهۆی جەنگی نێوخۆی سووریا کە 14 ساڵی خایاند، ئابووریی سووریا زۆر خراپ بووە.
بەرپرسانی نوێی سووریا چەندین جار داوایان کردووە سزاکانی سەر دیمەشق بە تەواوی هەڵبگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ