رووداو - دیمەشق
قەیرانی دارایی و نەبوونی کار دۆخی هاووڵاتییانی سووریای بەگشتی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە. بەپێی نوێترین ئامار، نزیکەی 90%ی خەڵکی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان.
یوسف محەممەد، فەرمانبەرێکی حکومەتی سووریا بوو، لەگەڵ نزیکەی 400 هەزار فەرمانبەری دیکە لە کار دوورخراوەتەوە، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی ئێستا لەسەر شەقام نان دەفرۆشێت. هەرچەندە داهاتی زۆر کەمە، بەڵام دەڵێت، لە نەبوونی باشترە.
یوسف محەممەد، هاووڵاتیی سووریایی دەڵێت، "فەرمانبەری حکومەت بووم، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد کار نەماوە، کارکردنمان وەستێندراوە، سێ مانگە مووچەکەمان وەرنەگرتووە، ئێستا ناچارم لەسەر شەقام نان بفرۆشم تاوەکو بژێویی خێزانەکەم دابین بکەم. هەر جۆرێک بێت رازیین بەو داهاتەی دەستمان دەکەوێت و سوپاسی خودا دەکەین کە بە برسێتی ناخەوین."
بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و نەبوونی مووچەی فەرمانبەران، خەڵک تەنها پێویستییە سەرەکییەکان دابین دەکەن، تاوەکو بتوانن بژێویی ژیانیان دەستبخەن، چاویان لە حکومەتی سووریایە بەڵێنی زیادکردنی مووچە بە رێژەی 400% جێبەجێ بکات.
محەممەد حەسەن، هاووڵاتیی سووریایی دەڵێت، "هاووڵاتی ناتوانێت تەواوی پێداویستییەکانی بکڕێت، بە زەحمەت لەملاو و ئەولا پێداویستییەکان پەیدا دەکات، دابینکردنی بژێویی ژیان سەخت بووە. تەنیا 200 هەزارم پێدەدەن کە بەشی نانی نیوەڕۆش ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا من لە خانووی کرێدام، خێزاندارم و منداڵم هەیە، چۆن خۆم بەڕێوەببەم؟"
مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی سووریا لەنێوان 30 بۆ 40 دۆلاری ئەمریکییە؛ بەگشتی نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار مووچەخۆر لەو وڵاتە هەن. نزیکەی سێ مانگە مووچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاری رۆژانەش وەستێندراوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئابووریی هاووڵاتییان دروستکردووە و گیرفانیانی بەتاڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ