رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هیچکام لە بەربژێران نەیانتوانی زۆرینەی پێویست بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی فیدڕالیی عێراق چووە گەڕی دووەمەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، مەحموود مەشەهدانی کە لە لایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، 153 دەنگی بەدەستهێنا و سالم عیساوی، بەربژێری سەربەخۆ، 95ـی بەدەستهێنا.
بردنەوەی پۆستەکە لە گەڕی یەکەمدا پێویستی بە 166 دەنگ بوو. لە گەڕی دووەمدا هەر بەربژێرێک نیوە +1ـی دەنگەکان بەدەستبێنێت، کورسیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر دەکات.
ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە دوای لەکارلادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشوو، پۆستەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
ئەنجامی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڕی یەکەم بەمشێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی: 153 دەنگ؛ عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ؛ سالم عیساوی 95 دەنگ و دەنگی پووچەڵ 14 دەنگ pic.twitter.com/oxXLjRK8cN
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 31, 2024
چاوەڕوان دەکرێت، دوای ماوەیەکی زۆر لە ناکۆکی، دواجار ئەمڕۆ مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرێت، کە لە لایەن هاوپەیمانیی تەقەدووم، سیادە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێکی زۆری چوارچێوەی هاوئاهەنگیشەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
ئەمە، 16ـیەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە لەم خولەیدا و بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمان، بەڕێوەدەچێت، وەک فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە.
بە گوێرەی فەرمانگەکە، دوو کەسی دیکە لەگەڵ مەشهەدانی و عیساوی بەربژێرن، کە ئەوانیش تەڵاڵ زەوبەعی و عامر عەبدولجەبارن.
ئەمە هەروەها سێیەم دانیشتنە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکی رابردوودا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، دوای ئەوەی دووانەکەی دیکە بەهۆی رێکنەکەوتنی سوننەکان لەسەر پێشكێشکردنی بەربژێرێک بە یەکگرتوویی، شکستیان هێنا.
هاوپەیمانیی سیادە، پێشتر پشتیوانیی لە عیساوی دەکرد، ئەمجارە پشتگیری دەداتە مەشهەدانی.
بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەمڕۆ مەشهەدانی لەگەڵیان کۆبووەتەوە.
پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە، مەشەهدانی لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەڤانیدا گوتی "من، بەربژێرى زۆرینەى سوننەکانم، ئەگەر هەیە کۆدەنگى لەسەر بێت، پەرلەمانتارێک لێرە و پەرلەمانتارێک لەوێ کاریگەریی نییە، زۆرینەى سوننە منى بەربژێر کردووە، بۆیە ئێستا داوا دەکەین پاڵپشتى ئەو زۆرینە سوننەیە بکرێت، پشت بەخوا کۆتایی بەم دۆسەییە دەهێندرێت، کە دەمێکە چاوەڕێى دەکەین، فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستیان ئەرێنییە، فراکسیۆنى پارتى بێت یان ئەوانى دیکە."
هەموو بەربژێرەکان سوننەن.
تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەبار سەربەخۆن.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە کە پێشتر پشتیوانیی لە عیساوی دەکرد، بە گوێرەی میدیای عێراقی، ئەمڕۆ پشتیوانیی خۆی بۆ مەشهەدانی پشتڕاستکردەوە.
14ـی تشرینی دووەمی پار، بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگەی باڵای عێراق ئەندامیێتیی حەلبووسیی هەڵوەشاندنەوە.
لە چوارچێوەی نۆرمێکی سیاسیدا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی عێراق بە سوننە، پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد و سەرۆکوەزیرانیش بە شيعە دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ