رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەردەوامە و دەستکرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، "کارنامەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق تەنها یەک بڕگەی تێدایە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە."
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ رێوشوێنەکانی دەنگدان تەواوبوون، دەستکرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان. هەروەها رایگەیاند "مەندەلاوی فەرمانی کرد بە کردنەوەی سندووقی هەڵبژاردن، کە 271 پەرلەمانتار دەنگیان داوە."
ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی عێراق (واع) رایگەیاند تائێستا (کاژێر 18:24) ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەمشێوەیەیە: مەشهەدانی 153 دەنگ و عیساوی 95 دەنگ. هەروەها دەڵێ "ئەنجوومەنی نوێنەران دەچێتە گەڕی دووەمی دانیشتنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک."
ئەمە، 16ـیەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە لەم خولەیدا. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەدەچێت،
هەر ئێستا.. جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت pic.twitter.com/W3tq7mKcW6
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 31, 2024
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان دەڵێ چوار کەس بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پێکدێن لە: سالم عیساوی، مەحموود مەشهەدانی، تەڵاڵ زەوبەعی و عامر عەبدولجەبار.
پێشبینی دەکرێت مەحموود مەشهەدانی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، کە لەلایەن هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکانەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
لەدوای لەکارلادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ماوەی نزیکەی ساڵێکە پۆستەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
ئەمە سێیەم دانیشتنە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکی رابردوودا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، دوای ئەوەی دووانەکەی دیکە شکستیان هێنا.
مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم و سالم عیساوی، بەربژێری سەربەخۆ، دوو رکابەری سەرەکین لەسەر پۆستەکە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان، پشتیوانی لە مەشهدانی دەکەن. بۆ بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییەش، ئەمڕۆ مەشهەدانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبووەتەوە.
14ی تشرینی دووەمی پار، بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگەی باڵای عێراق ئەندامیێتیی حەلبووسیی هەڵوەشاندنەوە.
لە چوارچێوەی نۆرمێکی سیاسیدا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی عێراق بە سوننە، پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد و سەرۆکوەزیرانیش بە شيعە دراوە.
بە وێنە: 271 پەرلەمانتار دەنگیان بە چوار بەربژێر دا بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێرن pic.twitter.com/NCvUtIWK2o
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 31, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ