رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2024 دا 47 جار خشتەى کۆبوونەوەى راگەیاندووە و 21 یاسای پەسند کردووە کە نیوەیان هەموار بوون، هەر دوو دانیشتنێک، یاسایەکى بەرکەوتووە.
لە وەرزى یاسادانانى یەکەمى 2024دا پەرلەمانی عێراق 27 دانیشتنى کردووە، لە وەرزى یاسادانانى دووەم 20 دانیشتنى کردووە.
دارا سێکانیانی، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هەندێک لە دانیشتنەکان بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران نەکراون و دواخراون."
بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، هەر دانیشتنێکی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی 166 پەرلەمانتار هەیە، هەر پەرلەمانتارێک بەبێ هۆیەکى رەوا ئامادە نەبێت، یەک ملیۆن دینار لە مووچەکەى دەبڕدرێت.
لەو 47 دانیشتنەدا پەرلەمانى عێراق 21 یاسای پەسند کردووە، حەوت یاسایان نوێ بوون، 10یان هەموارکردنى یاسای پێشوو بوون، چواریان پەسندکردنى یاساى رێککەوتن و پەیماننامەى نێودەوڵەتى بوون.
لە دوو وەرزى یاسادانانى ساڵى رابردوودا، پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ 52 پڕۆژەیاسا کردووە، کە قۆناخى دەستپێکردنى پەسندکردنیانن، هەندێکیان خوێندنەوەى دوومیان بۆ کراوە و قۆناخى دەنگدانیان ماوە.
دارا سێکانیانى گوتى: "ئەو یاسایانەى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە و گەیشتوونەتە قۆناخى دەنگدان، ئەگەر بکەونە وەرزى یاسادانانى دواترەوە بەربەست لە بەردەمیاندا نابێت، ئەگەر سەرۆکایەتیی پەرلەمان بیخاتەوە ناو خشتەى کارى کۆبوونەوەکان."
گرنگترین پڕۆژەیاسا کە ساڵى 2024 لە قۆناخى دەنگداندا لە پەرلەمان بەهۆى ناکۆکییەوە وەستان، بریتین لە پڕۆژەیاساکانى گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان لە سەردەمی حکومەتی بەعس بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەو کات، لێیان زەوتکراوە، کە بەلای کورد و تورکمانەوە گرنگە، پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی کە سوننە و هەمواری یاسای باری کەسی، کە بۆ شیعە گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ